بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عیزام ئەحمەد وتی کە فەڵەستینییەکان بە گومانەوە لە هەر هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ یان بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێک لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن و وەها هەنگاوێک تەنیا بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئیسرائیلە لە بەرامبەر ئێران و هیچ سوودێکی بۆ گەلانی ناوچەکە و مسۆگەربوونی ئاشتی نییە.
ناوبراو وتی: چاوەڕوانیی فەڵەستینییەکان لە بایدن ئەوەیە کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە قودسی ڕۆژهەڵات و دەرهێنانی ناوی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکان و کردنەوەی نووسینگەکەی لە واشنتن بێت و بە کردەوەش پابەندبوونی خۆی بە ڕێگاچارەی دوو وڵاتی بۆ دۆسیەی فەڵەستین – ئیسرائیل بسەلمێنێت.
عیزام ئەحمەد وتی کە پابەندنەبوونی بایدن بە بەڵێنەکانی وایکردووە کە سەرکردەکانی فەڵەستین بەرەو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ناوەندی سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەنگاو بنێن./.








