بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کە سەردانی جەزایری کردووە لە گەڵ ساڵح قوجیل سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش کۆبووە.
هەنیە کۆبوونەوەکەیی لە گەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین کە لە جەزایر بەڕێوەچوو، بە قۆناغێکی نوێی ئاسۆی خەباتی فەڵەستینییەکان ناو برد و وتی کە خەڵکی فەڵەستین هیوایەکی زۆریان بەم پێشهاتە هەیە و پێشوازییان لێکردووە.
سەرۆکی حەماس جەختیکردەوە کە ئازادی فەڵەستین تەنیا بە یەکڕیزی و خۆڕاگری مسۆگەر دەبێت و ئەمەش بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی.
ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو بزوتنەوەی فەتح و حەماس لە فەڵەستین لە ساڵی 2007 دەستیپێکردووە، پاش سەرکەوتنی حەماس لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2007 و بە دەستهێنانی 74 کورسی و بوونی بە زۆرینەی پەرلەمانی، بزوتنەوەی فەتح بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس سەرەتا دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نا و پاشان بە پیلانێکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و بە بیانووی ئەوەی کە حەماس لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکاندایە، ئەنجامەکەی ڕەتکردەوە، ئەمەش کەلێنێکی سیاسی گەورەی خستە نێو ڕیزەکانی فەڵەستینەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە./.








