بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی کاریگەری قەیرانی برسێتییان لە سەرە، لە ساڵی 2021 گەیشتە زیاتر لە 828 ملیۆن کەس و ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردووی 46 ملیۆن زیاتر بووە.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی برسێتی بوون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تا ئێستا 150 ملیۆن کەس زیاتر بووە و ئەم ئامارەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پلانی گەشەی بەردەوام و کۆتایی هێنان بە قەیرانی خۆراک و برسێتی تا ساڵی 2030 دوور دەکاتەوە.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی برسییەکانی جیهان لە ساڵی 2015 بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک مایەوە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەرز بوویەوە و لە ساڵی 2021 گەیشتە لە سەدا 9.8 ی دانیشتووانی جیهان، ئەمەش بە ڕێژەی لە سەدا 8 ی ساڵی 2019 و لە سەدا 9.3 ی ساڵی 2020 بەراورد دەکرێت.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتووکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە تەنانەت بە بوژانەوەی کەرتی ئابوریی جیهان، ژمارەی برسییەکان لە ساڵی 2030 زیاتر لە 670 ملیۆن کەس دەبێت./.









