بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕەزا عارف لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی (11 ی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری ڕیاز) وتی: هەموومان ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان لە سەرە کە لە بەرامبەر یەکێک لە خراپییەکانی بەجێماوی سەدەی ڕابردوو، واتە داگیرکردنی خوێناویی خاکی فەڵەستین و ئاوارەبوون و کۆمەڵکوژیی بەردەوامی گەلێک، بێدەنگ نەبین.
ناوبراو بە ئاماژە بە تاوانەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لوبنان، وتی: ئەم دۆخە بەرهەمی دڕندەیی قەوارەیەکی داگیرکارە و ئەنجامی هەستکردن بە بێ سزایی ئەو ڕژێمە تاوانبارەیە کە بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا درێژە بە کۆمەڵکوژی و هەنگاوە دژە مرۆییەکانی دەدات.
جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆماری ئێران وتی: حکومەتی ئەمریکا پشتیوانی سەرەکی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە و جیهان لە چاوەڕوانی بەڵێنی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و لوبنان.
محەممەد ڕەزا عارف جەختی لە سەر پێویستی هەڵوێستی هاوبەش و هەنگاوی کرداریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر ڕژیمی زایۆنیستی کردەوە و سەبارەت بە چارەسەری پێشنیارکراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ پرسی فەڵەستین وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە نێو هەموو فەڵەستینییەکان بە موسڵمان و مەسیحی و جولەکەوە بە پێویست دەزانێت و ئەمەش تاکە ڕێگای دیمۆکراتیکی گەڕاندنەوەی مافی چارەنووسی گەلی فەڵەستینە./.









