بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سادق هاشمی بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق ، وتی: ئەوەی کە گرنگی سەردانەکەی دکتۆر پزیشکیانی زیاتر کردووە، ئەوەیە کە عێراقی وەک یەکەم وێستگەی سەردانەکانی دەرەوەی لە پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان و دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی داناوە.
ناوبراو وتی: ئەم سەردانە پیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران تێڕوانینێکی تایبەتی بەرامبەر بە عێراق هەیە و دکتۆر پزیشکیان هەوڵ دەدات سەردانە ئەنجام نەدراوەکەی شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ عێراق تەواو بکات و ئەو ڕێکەوتنانەی کە بڕیار بوو لەو سەردانەدا واژۆیان لە سەر بکرێت، تەواو بکرێن و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاشمی وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا سەرۆکە هەڵبژێردراوەکانی ئێران هەوڵیانداوە یەکەم وێستگەی سەردانەکانی دەرەوەی خۆیان لە وڵاتانی یەکتر بێت و ئەمەش پیشان دەدات کە سەرکردەکانی هەر دوو وڵات گرنگییەکی تایبەت بە بەردەوامی و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەدەن و لە ڕاستیدا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا چووەتە قۆناغی ستراتیژی بە شێوازێک کە هەر وڵات بووەتە قووڵایی ستراتیژی ئەوی دیکە.
بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ تویژینەوە ستراتیژییەکان بە ئاماژە بە قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و حکومەتی ئێران و عێراق کە بۆ مێژوو، شارستانیەت، ئایین و کەلتورێکی هاوبەش دەگەڕێتەوە، وتی: یەک هەڵوێستی لە پرسی خۆڕاگریدا لە ساڵانی ڕابردوو بە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق زیاد کراوە، بە شێوازێک کە ئێران و عێراق لە ڕووی خۆڕاگرییەوە جوگرافییەکی هاوبەش پێک دێنن.
هاشمی وتی: پرسی پشتیوانی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و جەختکردنەوە لە سەر کۆتایی شەڕ و کۆمەڵکوژی غەززە لە بەشە گرنگەکانی ئەم سەردانە دەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە عێراق لەم پێناوەدا هەڵوێستێکی هاوبەشی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
ئەو شارەزا عێراقییە وتی کە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ عێراق جەختکردنەوەیە لە سەر بەردەوامی و پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و کێشە ئەمنییە هاوبەشەکان و بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگری./.









