بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی isna لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداری خەڵک لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار چ کاریگەرییەکی لە سەر هێزی نیشتمانیی ئێران لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت؟ وتی: لە میانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی چواردەیەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کێبڕکێیەکی جیدی لە نێوان کاندیدەکان بینرا و خەڵک بە ورەیەکی نیشتمانییەوە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.
ناوبراو وتی: هێزە دەرەکییەکان ئەم بارودۆخە لە بەرچاو دەگرن و دەبینن کە ژیانی سیاسی لە ئێران زیندوو و کاریگەرە. ئەگەرچی خەڵک تێڕوانین و بۆچوونی جیاوازیان هەیە و بەشێکی بەرچاوی ئەوانیش بە هۆکاری جیاجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد بەڵام هەڵبژاردنێکی جیدی لە ئێراندا بەڕێوەچوو و کێبڕکێیەکی توند بە تایبەت لە خولی دووەمدا هەبوو و کەسێکی خاوەن تێڕوانینی تایبەت و بە پێی بەرژەوەندییەکان و دەنگی خەڵک هەڵبژێردرا، کەسێک کە ئامادە نییە واز لە مافەکانی خەڵک بێنێت و بە پێی هاوکاری و وتووێژ و کەرامەت و بەرژەوەندی گەل هەنگاو دەنێت و هەوڵ دەدات ئیش و کارەکان بەرەو پێش ببات.
وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئێران وتی: هێزە دەرەکییەکان گرنگی بەم هەڵبژاردنەی خەڵکی ئێران بەم تایبەتمەندییەوە دەدەن و لە ئێستادا نۆرەی جیهانە کە ڕێز لە هەڵبژاردن و خواست و داواکاری گەلی ئێران بگرێت و واز لە شێوازی سزا و گەمارۆکان بێنێت.
محەممەد جەواد زەریف وتی: دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە سزاکان ئەنجامیان نییە و جێی سەرسوڕمانە کە جۆبایدن درێژەپێدەری هەمان سیاسەت بووە.
ناوبراو وتی: ئەوان هەر کات بگەنە بژاردە و هەڵسووکەوتی درووست، دەتوانن ڕێز لە ئیرادە و داواکاری گەلی ئێران بگرن و بەمەش دەتوانن لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە هەندێک دۆسیەی وەک ڕێکەوتنی ناوەکی وتووێژ بکەن و لەو کاتەدا بەشداری بەرچاوی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێت پشتیوانییەکی گەورە بۆ دانوستانکاران و دەزگای سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەبێت.
زەریف وتی: بە هۆی نیگەرانی لە داهاتووی ئێران هاتمە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی لە بەڕێز پزیشکیان، نەک ئەوەی کە بمەوێت لە حکومەتی نوێدا پلە و پۆستێک وەربگرم و ئامادەم بە پێی پێویست و داواکاری سەرۆک کۆمار درێژە بەم ڕاوێژ و هاوکارییە بدەم./.









