لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێک لەو کەسانەی لە خولی یەکەمدا دەنگیان نەدابوو، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و گەرموگوڕییەکی دیکەیان بە هەڵبژاردنەکان بەخشی. ئەمەش وایکرد مەسعود پزیشکیان بە زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگ ببێتە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی گەل.
بەردەوامی ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە پێکەوەبوون و یەکڕیزی هەیە و هەمووان دەبێت پێکەوە بن و لە پێناو گەشە و پێشکەوتن و سەربەرزی ئێرانی ئیسلامی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.
لەو هۆکارانەی کە سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیانیان مسۆگەر کرد، بڕوای ئەو بە پێکەوەبوون و یەکڕیزی و کاری هاوبەش بوو.
پزیشکیان لە پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان، سەرۆک کۆماری گەلی ئێرانە بە گشتی و دەبێت هەوڵێکی زۆری هەبێت تا هەمووان لە ژێر چەتری یەکڕیزی ئێراندا کۆبکاتەوە.
گرنگترین و دژوارترین کاری سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، کۆتایی هێنانە بەو دوو جەمسەرییەی کە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەدی دەکرا. لایەنێک خۆی بە نەریتخواز و ئەوی دیکە خۆیی بە ڕیفۆرمخواز دەزانی. پزیشکیان دەبێت هەوڵی لەناوبردنی ئەم دوو جەمسەرییە بدات، هەوڵەکانی دەبێت بە ئاراستەی یەکڕیزی سیاسی و گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان بە تایبەت لە ڕووی ئابوری و داراییەوە بێت.
ئەو لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیدا لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و کەڵک وەرگرتن لە توانا و دەفرایەتییە ناوخۆییەکان، کەڵک لە هەموو بیر و بۆچوونێک بگرێت و پێداگریشی لە سەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێت سەرەتا بەرەی ناوخۆیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کیشە و قەیرانەکان ڕێکبخرێتەوە.
پزیشکیان لە دیبەیتە تەلەفزیۆنییەکانیشدا ئەوەی سەلماند کە ئیرادەیەکی بەهێزی بۆ لێکتێگەیشتنی نیشتمانی هەیە و جەخت لە سەر وتووێژ دەکاتەوە و لەم نێوەندەشدا هێڵە سوورەکەی، وەفادارییە بۆ ئەو خەڵکەی کە بەڵێنی چارەسەربوونی کێشەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەریی بەوان داوە.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی گەلی ئێران بەردەوام جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە لە سیاسەتی دەرەوەدا سێ بنەمای سەرەکی کەرامەت، حیکمەت و بەرژەوەندی نیشتمانی لە بەرچاو دەگرێت. ئەو دەتوانێت ئەگەری ململانێ لە گەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات بکاتە کاری پێکەوەیی و هاوبەش و بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئێرانییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا دابین بکات.
هەلومەرجی ئێستای ئێران و ناوچەکە وا دەخوازێت کە سیاسەتی یەکڕیزی نیشتمانی و وتووێژی نێودەوڵەتی بکرێتە بنەمای سەرەکی کارەکانی سەرۆک کۆماری نوێ، وەک چۆن کە خۆی بەردەوام جەختی لە سەر کردووەتەوە.
ئێران وڵاتێکی بەهێزە و دەفرایەتییەکی زۆری لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە. گرنگ ئەوەیە کە لەم خولەی سەرۆکایەتی کۆماردا لە سەر دوو بنەمای یەکڕیزی نیشتمانی و لێکتێگەیشتن و وتووێژی نێودەوڵەتی، کەڵک لەم توانایە وەوربگیردرێت تا ئێران و ئێرانی بگەنە ئەوەی ماف و شیاوی ئەوانە./.









