بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد بە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد، هەرچەندە وڵاتانی عەرەبی هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ناوبراو پابەندی بەڵێنەکانی لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بێت.
پێدەچێت تورکیا وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە، وای لە سیاسەتی سوریای بێ بەشار ئەسەد هێنابێت و لە ئێستادا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هاوکاری لە گەڵ بەشار ئەسەد دەدات. ئەنکەرە ساڵی 2021 بە نێوەندگێڕی مۆسکۆ لە ئاستی دەزگا هەواڵگرییەکانی هەر دوو وڵات پەیوەندی لە گەڵ دیمەشق هەبوو و پاشان چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی هەر دوو وڵات بەڕێوەچوو.
بەڵام کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان و ئەسەد بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕێکەوتنەکان بە هۆی پێداگری سەرۆک کۆماری سوریا لە سەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە وڵاتەکەی بەڕێوە نەچوو، ئەو پێشمەرجەی کە تورکیا بەردەوام بە قبووڵنەکراو ناوی بردووە.
پێدەچێت کە ئەو پێشمەرجەش بە لاوە نرابێت، ئەردۆغان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە لە پێناو ئاساییکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا، کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت.
بەم دواییانەش یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەگەر سوریا هەلومەرجی وەک پەسەندکردنی دەستوورێکی گشتگیر، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەبوونی دۆخێکی پارێزراو دابین بکات، تورکیاش بیر لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەشار ئەسەد ڕایگەیاندووە کە پێشوازی لە هەر پێشنیار و دەستپێشخەرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا بە پێی سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ڕووسیای کرد و لە گەڵ سێرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووە و پرسی سوریا تەوەرێکی گرنگی دانوستانەکانی نێوانیان بووە.
هەڵوێستی ڕووسیا لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا گرنگە. ئەگەرچی ڕووسیا هەوڵی نێوەندگێڕیی لە نێوان دیمەشق و ئەنکەرە داوە بەڵام بەردەوام جەخت لە سەر شێوازێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکاتەوە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بێت.
ئەلکساندر لاورنتیف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سوریاش سەردانی دیمەشقی کرد و لە گەڵ بەشار ئەسەد کۆبووە. ئەسەد لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە بۆ هەر دەستپێشخەرییەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیدا ئامادەیە کە ڕەچاوی سەروەری و دەسەڵاتی سوریا لە سەرجەم خاکی ئەم وڵاتە و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆریزم بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عێراق لە پاش سەردانەکەی نیسانی 2024 ی ئەردۆغان بۆ بەغدا وەک نێوەندگێڕی ئاشتی دەرکەوتووە. عێراق پێشتر لە نێوان سعوودیە و ئێران و هەروەها میسر و ئێران نێوەندگێڕی کردووە و ئەمجارەش دەیەوێت بە نێوەندگێڕی لە نێوان سوریا و تورکیا بگاتە دەسکەوتێکی دیکە.
هەڵوێستی ئێران لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا گرنگە. تاران لە پاش ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی 2011 تا ئێستا رۆڵی گرنگی لە پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هەبووە و گرنگە کە چۆن لە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنکەرە دەڕوانێت.
ئەردۆغان لە پرسی کوردانی سوریا پێویستی بە بەشار ئەسەد هەیە. هەروەها لە گەڕانەوەی ملیۆنان ئاوارەی سوری لە وڵاتەکەی کە لە لایەن لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە تۆمەتبار کراوە.
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش کاریگەری لە سەر دۆخی سوریا دەبێت. پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە و تێڕوانینی دوناڵد ترەمپ لە ئەگەری سەرکەوتنی، زۆر گرنگ دەبێت.
دۆسیەی سوریا بە یەکێک لە پڕ کێشەترین دۆسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهان دادەنرێت کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا و تەنانەت ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ڕۆڵیان لە چارەنووس و داهاتووی ئەم قەیرانەدا هەیە. بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 تا ئێستا ئەوەی پیشانداوە کە سازشت لە سەر ماف و بنەما سەرەکییەکانی وڵاتەکەی ناکات، ئەو خۆڕاگرانە شکستی بە زۆربەی پیلانەکان هێناوە. ئەردۆغان کە بەردەوام جەختی لە سەر ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد دەکردەوە، ئێستا دەپاڕێتەوە پەیوەندییەکانی لە گەڵیدا ئاسایی بکاتەوە./.









