بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کە لە وڵاتی جەزائیر بەڕێوەچوو، ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن ی بە نموونەیەکی هەرە جوانی پەیوەندییە ئائینی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گەلانی هەر دوو وڵات ناو برد و ڕایگەیاند کە میوانداری گەلی عێراق لە سەرجەم پێکهاتەکانەوە لەم ڕێوڕەسمە بەشکۆیەدا شیاوی ڕێزلێنانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە گرنگی ئاسایشی عێراق بۆ تاران، وتی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە ناوچە سنورییەکان پێویستی بە ڕۆڵ و هاوکاری هەر دوو وڵات هەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی مێژووی پەیوەندییەکان و دراوسێیەتی گەلانی ئیران و عێراق بە تایبەت لە گەڵ دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئەم پەیوەندییانە و بۆ تێکدانی پیلانگێڕی دەکات و وتی: شەهید حاجی قاسم سولەیمانی ڕۆڵێکی گرنگی لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەی دوژمناندا هەبووە و پێویستە بۆ ڕێگری لە مسۆگەربوونی ئامانج و پیلانگێڕییەکانی دوژمنان لە دژی گەلانی ئێران و عێراق، ڕێکەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکە سەبارەت بە چەک داماڵین و ڕێگری لە بوون و چالاکی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازەکان لە سنورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە لایەن عێراقەوە جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران نەک تەنیا بە قسە، بەڵکوو بە کرداریش ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆی دەزانێت و لەم پێناوەدا خوێنی ڕۆڵەکانی هەر دوو وڵاتیش تێکەڵ بووە و دەبێت لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات هەوڵ بدرێت تا دوژمنان بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی بێهیوا بکرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی هەروەها جەختی لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئابوری و داراییەکانی نێوان ئێران و عێراق کردەوە.
هەر لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بابەتێکی گەورەترە لە دراوسێتی لە سنورە جوگرافییەکان و بۆ هاوبەشییە ئائینی و کەلتورییەکانی نێوان گەلانی هەر دوو وڵات دەگەڕێتەوە و وتی: ئێمە هیچ کات چاکەی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەلی ئێران لە قۆناغە گرنگ و هەستیارەکان لەبیر ناکەین و دڵنیایی دەدەین کە هیچ کات موڵەتی ئەوە نادەین لە خاکی عێراقەوە بچووکترین دەسدرێژی بکرێتە سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە سەر تێڕوانینی هاوبەشی هەر دوو وڵات لە بەرامبەر پرسی فەڵەستین کردەوە و وتی: ئێمە شانازی بە هەڵوێستی بوێرانەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر پرسی فەڵەستین و غەززە دەکەین و لەو بڕوایەداین تا ئەو کاتەی کە ڕژێمێکی تاوانباری وەک ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت، ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیریی نابێت./.









