بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەمڕۆ پێنج شەممە 2 ی شوبات سەردانی بەغدای کرد و پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، بەشداریی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە هاوکارییەکی بەردەوام لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە نێوان بەغدا و ڕیاز بوونی هەیە.
فۆئاد حوسێن وتی کە عێراق و سعوودیە لە بواری بازرگانیش هاوکاری نوێیان هەیە و عێراق هەوڵ دەدەات ڕۆڵی بەرچاوی لە دابەزاندنی ئاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا هەبێت.
وتیشی کە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەبارەت بە ئەنجومەنی هاوئاهەنگی عێراق – سعوودیە وتووێژ کراوە و سعوودیە ئامادەی بەشدارییە لە پرۆژە ئابورییەکانی عێراق.
هەروەها وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە ئاماژە بە ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکە وتی کە ڕیاز و بەغدا هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوانیان دەدەن و لە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیش گۆڕانکارییەکی زۆر باش هاتووەتە پێشەوە.
فەیسەڵ بن فەرحان وتی کە سعوودیە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەشەی ئابوری و هاوئاهەنگی هاوبەش لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات./.









