بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: لەو بڕوایەدام کە ناردنی تانک چارەسەری قەیرانی ئۆکراینا نییە و چاوەڕوان دەکەین وڵاتانی ڕۆژئاوا پاڵپشتی لە داواکارییەکانی ئێمە بۆ دانوستانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا تەنیا لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری چەک و تەقەمەنییە.
دیمێتری پسکۆف وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئاڵۆزییەکانی قەیرانی ئۆکراینا بە هۆی بڕیار و گوشارەکانی ئەمریکا لە سەر لایەنەکانی دیکە لە پەرەسەندندایە.
سەرەڕای ئەمە، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاندووە کە پڕچەککردنی ئۆکراینا دەتوانێت لە داهاتوودا هەلومەرجی چارەسەرێکی ئاشتیانە لە ڕێگای دانوستانەوە دابین بکات./.









