بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان لە وتووێژێکی گەڵ ڕادیۆی ڕووداو، وتی: بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ساڵەکانی 2019 و 2020 جوڵەی بازرگانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بەڵام لە ساڵی 2021 بەرزبوونەوە هەبووە، زیاترین ئاڵوگۆڕیش لە گەڵ تورکیا بە ڕێژەی 9 ملیار دۆلار و ئێران بە ڕێژەی 7 ملیار دۆلار بووە.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 2021 ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەدا 45 زیادی کرد، هەرچەندە هەناردە بەرامبەر بە هاوردە زۆر کەمە بەڵام جێی دڵخۆشییە لە بەر ئەوەی کە هەندێک بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی ولاتان کراوە و لەوێ فرۆشراون.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان وتی: لە هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 52 کارگە بوونی هەیە لە سەرجەم جۆرەکانی بچووک و مامناوەند و گەورە و لە بواری پیشەسازیدا توانراوە هەندێک هەنگاوی گرنگ هەڵبگیرێت، بۆ نموونە، کۆمەڵێک کارگەی چیمەنتۆ هەیە کە ساڵانە 15 ملیۆن تەن پێداویستی ناوخۆیی دابین دەکەن و 10 ملیۆن تەنیش هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکەن، پلانی ئەوەش هەیە کە لە هەرێمێکی بەکارهێنەر ببینە هەرێمێکی وەبەرهێنەر.
ناوبراو هەروەها وتی کە لە ساڵی 2021 وەرگرتنی موڵەتی هاوردە زیاتر بووە، 4 هەزار و 874 موڵەت وەرگیراون و بڕەکەشی گەیشتووەتە 6 ملیار و 6 ملیۆن دۆلار./.









