بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی فەڵەستینی لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 2021 زیاتر لە 8 هەزار فەڵەستینیی دەستبەسەر کردووە کە 1300 کەس لەوان منداڵ و 184 کەسی دیکەشیان ژن بوون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2021 نزیکەی 4600 فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا ماونەتەوە و 34 کەس لەوان ژن و 160 کەسی دیکەشیان منداڵن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەی دیلە نەخۆشەکانی فەڵەستین گەیشتووەتە نزیکەی 600 کەس کە فۆئاد شەبوکی تەمەن 81 ساڵە وەک بەتەمەنترین دیلی فەڵەستینی هەژمار دەکرێت.
هەروەها ژمارەی ئەو دیلانەی کە زیندانی هەتا هەتاییان بە سەردا سەپاوە، 547 کەسن کە 4 کەس لەوان لە ساڵی 2021 سزاکەیان بۆ دەرچووە.
عەبدوڵڵا بەرغوسی یەکێک لەو دیلانەیە کە تا ئێستا 67 جار سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاوە./.









