بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، دکتۆر عارف گۆڕان، پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو بە وردی لەو بارەیەوە زانیاریی خستووەتەڕوو کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدراوە.
1 – بەرزی چەوری خوێن، بە تایبەت ئەو جۆرەی بە چەوری خەراپ (LDL-Cholesterol ) دەناسرێت، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی تەسکبونەوەی خوێن بەرەکان و توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک.
2 – چەند ساڵێك لەمەوبەر، هیچ جۆرە دەرمانێكی كاریگەر لە بەردەست نەبوو بۆ چارەسەركردنی بەرزبونەوەی چەوری خوێن، بەڵام دوای ئەوە ستاتین دۆزرایەوە، كە بە یەکێک لە ھەنگاوە ھەرە گرنگەکانی چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ و خوێن بەرەکان ھەژمار دەکرێت و یەکێکە لەو دەرمانانەی زۆرترین بەكارهێنانی لە سەرانسەری جیھاندا هەیە.
3 – پارێز وەرزشکردن تەنیا ڕێژەی 10% چەوری خوێن دادەبەزێنێت، هەرچەندە پارێزكردن زۆر بە باشی وبەرێكیش ئەنجام بدرێت، لە هەموو حاڵەتەكاندا ناتوانێت ڕێژەی چەوری خەراپ لە سەرەوەی 20% دابەزێنێت.
4 – دەرمانی ستاتین، ئەگەر بە شێوەیەكی درووست بە كاربهێنرێت، كاریگەریەكی زۆری لە سەر کەمکردنەوەی چەوری خوێن دەبێت، بەشێک لە ستاتینەکان نزیکەی %40 لە چەوری خەراپ کەم دەکاتەوە، بەڵام کاریگەرییان لە سەر چەوری سیانی سنوردارترە.
5 – ئەو كەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ و مێشك بوونە، دەبێت دەرمانی چەوری خوێن بەكاربهێنن، بەشی ھەرەزۆری نەخۆشانی شەکرە پێویستیان بە ستاتین دەبێت بۆ ئەوەی ڕێژەی چەوری خەراپ بە ڕێژەیەکی باش دابەزێنن، ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندرووستیان نییە وا باشترە لە لایەن پزیشکەوە ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، دیارە جگە لە بەرزی ڕێژەی چەوری کۆمەڵێک ھۆکاری دیكە ھەن کە دەبێت ھەلسەنگاندنیان بۆ بکرێت وکاریگەرییان لە سەر بڕیاردان دەربارەی بڕی ئەو دەرمانەی پێویستە بەكاربهێنرێت هەیە.
6 – ستاتین بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتە، کەمتر لە دوو کەس لە سەد ھەزار نەخۆش کە ستاتین بەکاردەھێنن توشی ھەوکردنی ماسولکەکان دەبن، لەو حاڵەتەدا نەخۆش تووشی ئازارێکی زۆری ماسولکەکان دەبێت، دەتوانرێت لە رێگای پشكنینی خوێنەوە حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت و دواتر چارەسەر بکرێت، هاوكات بەكارهێنانی ستاتین بۆی هەیە ببێتە ھۆی بەرزبوونەی ئەنزیمەکانی جگەر، ھەر بۆیە پێش ئەوەی بە كاربهێنرێت، دەبێت پشكنین بۆ ئەنزیمەکانی جگەر بکرێت، دوا لێکۆلینەوە لە سەر ستاتین ئەوە دەردەخات، كە هەندێك نیشانەی تر لەو كەسانە دەردەكەوێت هیچ پەیوەندیەكیان بە دەرمانەكەوە نیە.
7 – پێویستە ستاتین بە بەردەوامی بەکاربھێنرێت ومەرج نیە جۆری براندو گرانبەھا بەکاربھێنرێت، ئەتۆرڤاستاتین (Atorvastatin) یەکێکە لەو دەرمانانەی، کە زۆر کاریگەرە و نرخەکەشی گونجاوە و لە کوردستان بەردەستە، دەكرێت بەكاربهێنرێت، ئافرەتی دووگیان، یان ئەو ئافرەتانەی پلانیان بۆ منداڵ بوون هەیە، نابێت ستاتین بەکاربھێنن.
8 – ھەندێک دەنگۆ هەیە، گوایە ستاتین دەبێتە ھۆی کێشەی لەبیرچونەوە، لە ڕاستیدا تا ئێستا ھیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەو بابەتەی یەکلانەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە بۆی ھەیە ستاتین یارمەتی ئەو کەسانە بدات، کە حاڵەتی لەبیرچونەوەیان ھەیە.
9 – لێکۆڵینەوەكان دەریدەخەن، كە ئەوانەی ڕێژەی چەوری خوێنیان بەرزە، دەتوانن لە ڕێگای بەكارهینانی ستاتینەوە، بە ڕێژەیەكی زۆر باش خۆیان لە جەڵتەی دڵ ومێشك دوور بخەنەوە، سەرباری هەمو ئەمانە تێبینی دەكرێت، بەشێکی ئەوانەی كێشەی بەرزی چەوری خوێنیان هەیە، بەڕێكی ئەو دەرمانە بەكارناهێنن.
ستاتین بە یەکێک لە ھۆکارە ھەرە گرنگەکان دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری خەراپ لە خوێن و کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک، بۆیە ئەگەر دکتۆری پسپۆڕ پێشنیاری ئەو دەرمانەی بۆ کردی ئەوە دوو دڵ مەبە لە بەکارھێنانی./.









