بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاماژە بە کارنامەی ئەرێنی ناوبراو و هەروەها چاوپێکەوتنەکانی خۆی لە گەڵ بەرپرسان و برایانی عێراقی و تێڕوانینی ئەرێنی هەر دوو لا لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان، وتی: لە جیهاندا کەمتر دەتوانین دوو وڵات ناو ببەین کە وەک ئێران و عێراق ئەم هەموو خاڵە هاوبەشەیان هەبێت، ئەوەش کە لە سەردەمی سەدام ڕوویدا ڕووداوێکی نەخوازراو بووە کە پەیوەندی بە هەلانی ئێران و عێراقەوە نەبووە.
وەلایەتی وتی: لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا ناتوانین دوو وڵات ناو ببەین کە ئەزموونی هەشت ساڵ شەڕیان پێکەوە هەبێت و پاش ئەوەش لە ئێستادا بە برایەتی و دۆستانە باشترین پەیوەندییان هەبێت و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش بەردەوام جەختیان لە سەر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە کردووەتەوە.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها وتی: یەکێک لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بۆ بواری زانستی و خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە و بە پێی زانیارییەکان لە چەند ناوچەیەکی عێراق بە تایبەت سلێمانی، خواست لە سەر کردنەوەی زانکۆ هەیە و ئەم ئامادەییە هەیە کە لقی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری و پاڵپشتی لە خوێندنی باڵای عێراق بکرێتەوە.
وەلایەتی لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە بانگهێشتی عێراق کرا
بەرهەم ساڵحیش لەو وتووێژەدا سڵاوی خۆیی گەیاندە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
ناوبراو وتی: ئاگاداری تێڕوانینەکانی ئێوەم لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و دەتوانین بۆ دابینکردنی بەستێنی گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەروەها پەیوەندی نێوان دوو گەلی دۆست، برا و موسڵمانی هەر دوو وڵات پێکەوە لە هاوکاری و وتووێژدا بین.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: بەڕێزتان پێویستتان بە بانگهێشتنامە نییە و لێرە لە نێو برایانی خۆتاندان و لە پێگەی فەرمیش بەردەوام هەلی بانگهێشتکردن بۆ بەڕێزتان ئامادەیە تا پێکەوە زیاتر لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتووێژ بکەین.
بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە کە عێراق گرنگی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەدات./.









