بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێدوانی محەممەد ئەمین حەق لە میدیاکانی پاکستان بڵاو بووەتەوە. ناوبراو سەردەمێک یاریدەدەری ئۆسامە بن لادن سەرۆکی پێشووی قاعیدە بۆ کاروباری ئەمنی بووە و ئێستا کەسێکی ناسراوی تاڵیبانە لە لێژنەی کاروباری زیندانییەکان لە ئەفغانستان.
ئەمین حەق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری گۆڤاری نیکی ئاسیای ژاپۆن ڕایگەیاندووە کە قاعیدە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت و ئەمەش لە ساڵی 2011 بە کوژرانی بن لادن دەستیپێکردووە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە کوژرانی بن لادن گورزێکی کاریگەر لە سەر جەستەی قاعیدە بووە، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو پێگەیەکی بەهێزی لە نێوان سەرکردەکانی قاعیدە و تاڵیبان هەبووە.
وتیشی کە قاعیدە وەک گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە چاودێری دۆخەکە دەکات، سەرکردەکانی ئەم گرووپە ئەگەر بزانن کە بێدەنگی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە، بێدەنگ دەبن و ئەگەر ڕۆڵێکی چالاک بۆ ئەوان سوودی هەبێت، سەر لە نوێ چالاک دەبنەوە./.









