بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسا ئەبومەرزوق بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکانی پاش تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە و هەڵبژاردنی یەحیا سنوار وەک جێگرەوەی، وتی: سیستەمێکی ناوخۆیی لە بزوتنەوەی حەماسدا هەیە کە ئەم بزوتنەوەیە بە هەموو وردەکارییەکەوە بەڕێوە دەبات و ئەنجومەنی شورای حەماس ئەم بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆیە.
ناوبراو وتی: شەهید ئیسماعیل هەنیە لە سەردەمی بەرپرسیارێتی خۆیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەوپێشچوونی حەماسدا هەبووە و نموونەی بەرچاوی کەسایەتییەکی نیشتمانی و خەماوەری بووە و پاس شەهیدبوونی ئەم سەرکردە گەورەیە، بڕیاری ناوخۆیی حەماس ئەوە بوو کە یەحیا سنوار وەک جێگرەوەی شەهید هەنیە هەڵبژێردرێت.
موسا ئەبومەرزوق وتی: کردنە ئامانجی سەرکردەکانی حەماس هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ئەم بزوتنەوەیە نابێت. حەماس بزوتنەوەیەکی بەهێز و ڕەگداکوتاوە و یەحیا سنوار بە شمشێرێکی پۆڵاین دژی دوژمن وەستاوەتەوە و هەمووان ئەمە دەزانن. هەڵبژاردنی یەحیا سنوار بۆ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس گورزێکی گەورەیە لە سەر پیلانگێڕییەکانی دوژمن و پەیامی پابەندبوونە بە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا.
ئەو سەرکردەی حەماس وتی: یەحیا سنوار لە غەززەوە حەماس و شەڕەکە بەڕێوە دەبات و خەلیل حەیە جێگری ئەوە لە دەرەوە و دۆخی کەرتی غەززە لە دەرەوەی فەڵەستین بەڕێوە دەبات، لە بزوتنەوەی حەماسدا بڕیاری تاکەکەسی بوونی نییە و هەمووان بڕیارێک دەدەین لە بەرژەوەندی خەڵک و خۆڕاگری فەڵەستین بێت.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس وتی: هەڵبژاردنی یەحیا سنوار پەیامێکی بەهێزە سەبارەت بە ڕەوایەتی بزوتنەوەی حەماس و سەرکردایەتییەکەی و پیشاندەری پابەندبوونی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت بە ئامانجەکانی لە بەرگریکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستین و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی زایۆنیستی./.









