بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆترێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە تاوانەکانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین، ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە حەوت دەیە بە سەر بێبەشکردنی گەلێک لە مافی چارەی خۆنووسین و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ تێپەڕ دەبێت و نیشتمان و خاکی باب و باپیرانی ئەوان داگیر کراوە. لەم حەوت دەیەدا ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بێ ئەوەی کە کەمترین پابەندبوونێکی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت مافی نێودەوڵەتی مرۆڤدۆستانە و مافی مرۆڤ هەبێت، بە پشت بەستن بە هاوکاری و پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ئەم ڕژێمە لە بەرامبەر هەر وەڵامدانەوە و سزادانێک دەپارێزن، دڕندەترین تاوانی لە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کۆمەڵکوژیی لە دژی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین کردووە.
لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە پاڵپشی هەمەلایەنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا لە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی و ڕەچاونەکردنی زوڵم و ستەمی داگیرکاران لە دژی گەلی فەڵەستین، یەکێک لە هۆکارەکانی هاندانی ئەم ڕژێمەیە بۆ تاوانی زیاتر و پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە کە مافی بەرگری ڕەوا، مافێکی سەرەتاییە کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی نێودەوڵەتی بە فەرمی ناسراوە. گەلی فەڵەستین وەک گەلێک لە مافی چارەی خۆنووسین بێبەش کراوە و بەردەوام ڕوبەڕوی پێشێلکردنی ماف و سووکایەتیکردن بووەتەوە، بێگومان مافی بەرگریی لە بەرامبەر دەسدرێژی و پێشێلکردنی مافەکانی هەیە و ئەمەش مافێکە کە گەلی فەڵەستین بۆ مسۆگەرکردنی پێویستی بە موڵەتی هیچ وڵات و لایەنێک نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە تۆمەتبارکردنی لایەنەکانی دیکە، ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی زریانی ئەقسا هەڵمەتێکی بە تەواوی فەڵەستینی و لە پێناو بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئەم گەکلە کراوە و کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر داگیرکاری خاک و ئەو هەموو دەسدرێژییەی لە لایەن زایۆنیستەکانەوە بەرامبەر بەوان دەکرێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە کە تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین، کۆتایی هێنانە بە داگیرکاری و بە فەرمی ناسینی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و مسۆگەربوونی ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربەخۆی فەڵەستینی لە تەواوی خاکەکەی بە پایتەختی قودسی پیرۆزە./.









