بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە ڕووداوەکانی فەڵەسینی داگیرکراو و هەڵمەتە کەم وێنەکەی بزوتنەوەی حەماس بە ناوی زریانی ئەقسا، وتیان: هۆکاری سەرەکی ئەم زریانە وێرانکەرە، زوڵم و تاوان و دڕندەیی بەردەوامی ڕژێمی داگیرکار و تەزویری زایۆنیستی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین بووە و ئەم ڕژێمە ناتوانێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی لە هێرشەکانی سەر غەززە و کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەی بشارێتەوە و توانا و لێهاتوویی گەنجانی فەڵەستینی و پلانە کەم وێنەکەی ئەوان بخاتە ئەستۆی کەسانی دیکە لە دەرەوەی فەڵەستین.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ڕووداوە کەم وێنەکانی ئەم ڕۆژانەی فەڵەستین، هەڵوێستی بەرپرسانی وڵاتیان لە بەرامبەر ئەم پرسە گرنگە سیاسی و سەربازییە بە درووست و باش ناو برد و بە ئاماژە بە دانپێدادانی جیهان بە شکستەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ڕووداوانەدا، جەختیان کردەوە کە ئەم شکستە لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە شکستێکی قەرەبوونەکراو و بومەلەرزەیەکی ڕۆخێنەرە کە ئەستەمە ڕژێمی داگیرکار بە تەواوی هاوکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە بتوانێت زیان و کاریگەرییەکانی لە سەر پێکهاتەی دەسەڵاتی خۆی چارەسەر بکات.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی پاش ڕۆژی شەممە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 چیدی ڕژێمی زایۆنیستی پێشوو نییە و هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوە گەورەش تاوانەکانی زایۆنیستەکانە، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر دڕندەیی و تاوانەکان سنورەکان دەبەزێنێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەو زریانەش بکەن.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی سەبارەت بە دەستوەردانی لایەنەکانی دەرەوەی فەڵەستین لە ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، وتیان: ئەڵبەت ئێمە ناوچاوان و دەستانی گەنجانی و داڕێژەرانی بەتوانا و وشیاری فەڵەستینی ماچ دەکەین و شانازی بەوانەوە دەکەین بەڵام ئەم لێدوانانە بێ بنەما و سەرتاسەر هەڵەیە و ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە هەڵمەتە کەم وێنەکە لە لایەن کەسانی دەرەوەی فەڵەستینەوە کراوە، گەلی گەورەی فەڵەستینیان نەناسیوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان کردەوە کە جیهانی ئیسلام پێویستە پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بکەن و ئەم حەماسەتە گەورەیە دەبێتە هەنگاوێکی گەورە لە ڕێگای ڕزگارکردنی فەڵەستینییەکان./.









