بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی ڕۆژی هەینی 8 ی ئەیلولی 2023 لە چاوپێکەوتنی شاندێکی باڵای میدیایی ئێران، سەبارەت بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنیی هاوبەش لە گەڵ تاران، جەختی لە سەر پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنە کردەوە.
ناوبراو وتی:ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی ئێران و عێراق موڵەتێکی 6 مانگەی دیاریکرد کە لە 19 ی ئەیلول تەواو دەبێت و بە پێی ئەوەش حکومەتی عێراق چەندین بەڵێنی هەبووە، سەرەڕای ئەمەش هێشتا گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەک نەکراون و لە هەرێمی کوردستانیش دەرنەکراون.
سودانی وتی کە ئێمە خۆمان پابەندی ئەوە دەزانین کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بوونی گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە هەوڵ دەدەین بە پێی خشتەی کاتیی دیاریکراو، جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەدا تەواو بکەین./.









