بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پاش دەستبەکاربوونی ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە تێڕوانین و شێوازی مامەڵەی ئەم وڵاتە لە گەڵ دۆسیە گرنگەکانی نێودەوڵەتی چۆن دەبێت؟ بە واتایەکی دیکە ئەڵمانیای پاش مێرکل بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئەوەی کە لە پاش وازهێنانی مێرکل کە لە نێو کۆمەڵگای ئەڵمانیادا ڕێژەی خۆشەویستی زۆر بەرزیشی هەبوو، ئەم وڵاتە تووشی گۆڕانکاری بە تایبەت لە بواری ناوخۆییدا دەبێت، تا ڕادەیەکی زۆر ئاساییە، هەر حیزب و حکومەتێکی نوێ کە چالاکییەکانی دەست پێدەکات بە پێی پێویست و ئەو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەرانی خۆیی داوە، ژمارەیەک یەکەمایەتی لە کار و پلانەکانیدا دادەنێت. بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ڕوو بدات و ئەوەی کە پێشبینی ڕوودانی دەکرێت تەنیا لە شێوازی جێبەجێکردنی سیاسەت و کار و پلانەکاندایە.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەش هەر بەم شێوازە دەبێت. لە ساڵانی ڕابردوو وڵاتانی ئەورووپی بە تایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکی و ڕووسیا کە ئەگەری سڕینەوەی کە کیشوەری ئەورووپا نییە، بە سیاسەتێکی هاوسەنگ هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و ئیدارەدانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزەیان دا. ئەگەرچی دەبینین کە ئولاف شۆڵتز لە یەکەم وتاری پاش هەڵبژاردنی وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و لە سەر دۆسیەی ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر ڕووسیا، سەرەڕای ئەمە نابێت چاوەڕوانی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و مۆسکۆ بکەین و پرۆسەکە بە شێوازی ڕابردووی بەردەوام دەبێت. بەسراوەیی جیدیی ئەڵمانیا بە سەرچاوەکانی گاز و وزەی ڕووسیا بۆ کەس شاراوە نییە. ئەگەر مێرکل و بەرپرسانی دیکەی ئەڵمانیا لە خولی ڕابردوو سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆژەی نۆردستریم ڕاگەیاند، بە هۆی ئەو بەسراوەییەوە بووە. ئێستاش ڕاوێژکاری نوێ لە پێناو نزیکبوونەوە لە ئەمریکا ڕووی هێناوەتە دژایەتی ڕووسیا بەڵام جۆری پەیوەندییەکان وا دەکات کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە نێوان وڵاتەکەی و مۆسکۆ ڕوو نەدات.
لە بواری یەکێتی ئەورووپا مەترسییەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ڕاستی توندڕۆ لە فەرەنسا زیاتر بووە و ئەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر بە دوای خۆیدا بێنێت. یەکێتی ئەورووپا سەرەڕای سەرکەوتنی لە زۆربەی پرسەکاندا، هێشتا کێشەی زۆریشی هەیە. پرسی پەنابەران و جیابوونەوە و بەهێزبوونی پۆپۆلیستەکان لە ڕیزی ئەو کێشانەدایە. بەرلین بەردەوام هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و ئیدارەدانی کێشەکانی داوە. پێدەچێت حکومەتی نوێش درێژەپێدەری هەمان سیاسەت بێت. ئەڵمانیا پێی وایە کە یەکێتی ئەورووپا پێکهاتەیەکە لە پێناو بەهێزبوونی ئاشتی و سەقامگیری کیشوەی ئەورووپا و لە بواری ئاسایشی ئەڵمانیاش ڕۆڵی گرنگی هەیە. بەم تێڕوانینەش چاوەڕوان دەکرێت ئەڵمانیا بەردەوام سیاسەتی بەهێزبوون و مانەوەی یەکێتی ئەورووپا پەیرەو بکات./.









