بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەمار بەغدادی شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی ڕایگەیاند: بە پێی ئەزموونم دەتوانم بۆچوون و تێڕوانینی خۆم لە سەر هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی بخەمەڕوو. ئەمە تاوانێکی سیاسی و دەسدرێژییە بۆ سەر دەسەڵات و سەروەری عێراق، لە بەر ئەوەی کە بە پێی دەستوور، سەرۆک وەزیران بە کەسی یەکەمی وڵات دادەنرێت و بەئامانجگرتنی ناوبراو هێرشە بۆ سەر دەسەڵات و سەروەری نیشتمانیی عێراق.
ناوبراو وتی: هەر کەس ئەو هێرشەی کردبێت لە ڕاستیدا هێرشی کردووەتە سەر تەواوی وڵات و بڕیاردانی سیاسی و سەروەری و هەروەها پێگەی عێراق و ئاشتەوایی ناوخۆیی کردووەتە ئامانج.
بەغدادی وتی: سێهەمین و گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پاش گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی بەغدا و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کوشتاری خۆپێشاندەران ڕووی داوە.
ناوبراو وتی: من پێم وایە کە لایەنێکی سێهەم هەیە کە ڕەنگە لایەنی نێودەوڵەتی یان عەرەبی بێت کە هەوڵی پەرەپێدانی ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە عێراق دەدات، واتە پیلانگێڕییەکی سیاسی لە وڵاتدا دەبینین کە لە مێقدادیە دەستیپێکرد و لە دواتردا دەبێت ئاماژە بە مانگرتنەکانی ناوچەی سەوز بدەین کە داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکانیان دەکرد، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە چەند لایەنێکی دیاری سیاسی ژمارەی کورسییەکانیان لەم هەڵبژاردنانەدا بە شێوازێکی بەرچاو کەمیکردووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییەی عێراق وتی: بەم هۆیەوە ڕوبەڕوی پیلانگێڕییەکی سیاسی لە عێراق بووینەتەوە و چەندین لایەنی نێودەوڵەتی، عەرەبی و ناوخۆیی بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان. من پێم وایە کە ئامانج لە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی دەچێتە ئەم چوارچێوەیە، هەرچەندە خودای گەورە عێراقی لەو پیلانە گەورەیە ڕزگار کرد.
عەمار بەغدادی وتی: بەئامانجگرتنی سەرۆک وەزیران، وڵات دەخاتە بۆشاییەکی دەسەڵات و دەستوورییەوە و بە ئاسانی ئەو دۆخەش کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
ناوبراو داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد کە کۆتایی بەم ململانێی ئێستا بێنن و بە جیدی بچنە دانوستانەکانی پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە و حکومەتی داهاتووی ئەم وڵاتەوە./.









