بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوهەیل شاهین وتەبێژی نووسینگەی سیاسی تاڵیبان لە قەتەر وتی کە خەڵکی ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکارییە خۆراکی و مرۆڤدۆستانەکانی وڵاتانی دراوسێیە.
ناوبراو بە گرووپێک لە میدیاکانی چینی ڕاگەیاند کە ئەفغانستان پێویستی بە هاوکاری هەیە.
شاهین وتی کە لە سەدا 20 ی خەڵکی ئەفغانستان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و ئەمەش بووەتە کێشەی سەرەکی و یەکەمی ئێمە، لەم هەلومەرجەدا پێویستمان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە هەیە.
وتیشی کە ئێمە ئەو هاوکارییەمان بۆ خۆمان نابێت و بۆ خەڵکی ئەفغانستان دەبێت، خەڵکی ئێمە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو لە دژوارترین دۆخی ژیانی خۆیاندا بوون.
سوهەیل شاهین وتی کە دووەم ئامانجی تاڵیبان دابینکردنی ئاشتی و سێهەم ئامانجیش ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستانە.
وتەبێژی تاڵیبان وتی کە بە بێ پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان سەر ناگرێت./.