بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە محەممەد بن سەلمان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سەردانیکردنی ئەم وڵاتە تا لە سەر چەندین دۆسیە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق وتووێژ بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر عەبدولعەزیز بن سعوود بن نایف وەزیری ناوخۆی سعوودیە سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی بە تایبەت مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتە کۆبووە.
ئەمەش یەکەم جار نییە کە هەواڵی سەردانیکردنی بن سەلمان بۆ عێراق بڵاو دەبێتەوە. ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە چەندین دۆسیەی هاوبەشیان هەیە کە لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵاتەوە گرنگیی پێدەدرێت، وەک، دۆسیەی سنورە هاوبەشەکان بە درێژایی زیاتر لە 800 کیلۆمەتر، ئابوری و بازرگانی و دۆسیەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاشکرای کردووە کە مستەفا کازمی دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا باسی ئەو سەردانەی بن سەلمانی بۆ بەغدا کردووە بەڵام ئاماژەی بە کاتەکەی نەداوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ڕەحیم عەبودی لە سەرکردەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی بن سەلمان بۆ بەغدا لە سەر چەند تەوەرێکی وەک ئابوری، وەبەرهێنان لە عێراق و ڕۆڵی بەغدا لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی سعوودیە و ئێران و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئەم دوو وڵاتە دەبێت.
عەبودی ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی بن سەلمان پێش هەڵبژاردنەکانی 10 ی ئۆکتۆبەر دەبێت و تارانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێشوازی لەو سەردانە دەکات و عێراقیش هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران و سعوودیە بپارێزێت و لە بەرەی هیچ وڵاتێک لە دژی ئەوی دیکە نەبێت./.