بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەباح عەبدوللەتیف ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران قووڵایی سیاسی و ئابوری عێراقە و وەک پەناگەیەکە بۆ ئەم وڵاتە لە تەواوی قەیرانەکان. ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات تەنیا بە کاروباری بازرگانییەوە سنوردار نییە و تەکنۆلۆژیا و زانست و ئەزموونەکانی ئێرانیش لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو وتی: من وەک هاووڵاتییەکی عێراقی و بەشێک لە حکومەتەکەی بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان بەغدا و تاران دەدەم.
عەبدوللەتیف جەختیکردەوە کە ئێمە داوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە سەرجەم بوارەکان دەکەین.
ناوبراو وتی: من بە هۆی پێشینەی زانستیمەوە بەردەوام بەدواداچوونم بۆ پێشکەوتنەکانی بواری زانست و تەکنۆلۆژیام لە ئێران کردووە و خوازیاری ئەوەین کە لەم بوارەدا پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین، داواش لە برایانی ئێرانی دەکەین کە ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات سەرجەم بوارەکان لە خۆ بگرێت و تەنیا بە کاروباری بازرگانییەوە سنوردار نەبێت. ئێمە دەمانەوێت ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی لە گەڵ ئاڵوگۆڕی زانست و ئەزموون و تەکنۆلۆژیا بێت. ئێمە دەمانەوێت کەڵک لە ئەزموون و پێشکەوتنەکانی ئێران وەربگرین.
سەباح عەبدوللەتیف سەبارەت بە قەرزەکانی عێراق بەرامبەر بە ئێران وتی: ئەم قەرزانە لە ئەستۆی عێراقە و خۆی بە پابەندی دانەوەی دەزانێت و ئەمەش بەردەوام بە شاندە ئێرانییەکان ڕاگەێندراوە بەڵام تا ئێستا بە هۆی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە دواکەوتووە.
وتیشی کە عێراق بە جیدی هەوڵی دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات و لە ماوەی ڕابردووش شاندێک لە سەر ئەم بابەتە سەردانی واشنتنی کرد.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە کێشەکە پەیوەندیی بە حکومەتی بەغداوە نییە، لە بەر ئەوەی کە عێراق خۆی پابەندی دانەوەی ئەو قەرزانە دەزانێت و بەردەوام هەوڵیشی بۆ داوە بەڵام سزاکانی سەر ئێران بووەتە بەربەستی بەردەم دانەوەی قەرزەکان.
ناوبراو سەبارەت بە سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران وێڕای ئیدانەکردنیان وتی: ئێمە گەلێکین کە زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە ئەزموونی تاڵی گەمارۆکانمان هەیە و بە لای ئێمەوە قبووڵکراو نییە کە گەلی ئێرانی دراوسێش ئەم ئەزموونەیان هەبێت.
عەبدوللەتیف لە کۆتاییدا وتی: عێراق دژی سزاکان و بەردەوامبوونیە لە سەر ئێران و بە چەندین جار هەڵوێستی فەرمی خۆیی لەم بوارەدا ڕاگەیاندووە، هەڵوێستی خەڵکیش بە تەواوی ڕوونە و داوای هەڵوەشانەوەی لە زووترین کاتدا دەکەن./.









