بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئستفان دوجاریک وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی نووسینگەی هاوئاهەنگی کاروباری مرۆڤدۆستانە (OCHA) ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی چوارشەممە دیسانەوە فەرمانی ئاوارەبوونێکی دیکەیان بۆ خەڵکی غەززە دەرکردووە.
ناوبراو وتی: ئەم فەرمانەش 54 گەڕەک لە سێ ناوچە بە تایبەت باکوری غەززە، غەززە و دەیربەلا دەگرێتەوە، ئەمەش دووەم فەرمانە کە بۆ هەمان ناوچە دەردەکرێت و یەک لە سەر سێی کەرتی غەززەی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.
دوجاریک وتی: لە کاتی دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززەوە لە مانگی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل 35 جار فەرمانی ئاوارەکردنی دەرکردووە کە ئەم فەرمانانە زیاتر لە 640 هەزار کەسیان ناچار بە هەڵهاتنی دووبارە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەم ئامارە یەک لە سەر سێی دانیشتووانی کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت./.