بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی ڕۆژی هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند کە ” سەرەڕای ساڵانێک هاوکاری زۆر باش لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی – کە گەیشتە دەرکردنی بڕیارنامەی دوژمنکارانە سەبارەت بە پلانی ئاشتیخوازانەی ناوەکیی ئێران – وڵاتەکەی من جارێکی دیکە بە پابەندنەبوون تۆمەتبار کراوە “.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ” کاتێک کە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) لە ساڵی 2005 ئەم شێوازە نادرووستەیان گرتەبەر، دەرەنجامەکەی لە زۆر ڕووەوە، لەدایکبوونی ڕاستەقینەی پیتاندنی یورانیۆم لە ئێراندا بوو. ئایا لە ڕاستیدا ئەم سێ وڵاتە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هیچ وانەیەکیان وەرنەگرتووە “.
عێراقچی ڕایگەیاند کە ” تۆمەتبارکردنی نادرووستی ئێران – ئەویش بە پێی هەندێک ڕاپۆرتی لاواز و بەسیاسیکراو – بە ئاشکرا بۆ خوڵقاندنی قەیرانە “.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ” لە کاتێکدا کە ئەورووپا لە هەڵەیەکی ستراتیژیی دیکە نزیکبووەتەوە، ئەم وتەی منتان لەبیر بێت کە ئێران لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی، کاردانەوەیەکی توندی دەبێت. بەرپرسیارێتی تەواو کەوتووەتە ئەستۆی ئەو یاریکەرە نابەرپرسانەی کە بۆ هاتنەناوەوەی خۆیان پەنا بۆ هەر کارێک دەبەن “./.