فەرامەرز ئەسەدی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، سەبارەت بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بۆ تاران بە مەبەستی بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران ئێکسپۆ – 2025، وتی: بە پێی بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران ئێکسپۆ لە تاران، پلانی ئەوەمان دانا کە شاندێک لە بازرگانان و چالاکوانانی ئابوریی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران بکەن، بەڵام کاتێک دەبینین کە پارێزگاری هەولێر چ ڕۆڵێکی کاریگەری لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی سنورەکان، گومرک، بازرگانان و هتد هەیە و هەوڵەکانی لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران چەندە بەرچاوە، کۆبوونەوەیەکمان لە گەڵ بەڕێز پارێزگای هەولێر هەبوو و داوای ئەوەمان کرد خۆی لە گەڵ ئەم شاندە سەردانی ئێران بکات. لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دەرفەتەکانی پێشانگاکە بۆ بازرگانان و چالاکوانانی ئابوریی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر وتووێژ کرا و بە پارێزگار ڕاگەێندرا کە کلیلی سەرەکی و کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی کاروباری پەیوەندیدار لە دەستی ئەودایە و پێویستە لەم سەردانەدا ئامادە بێت.
ناوبراو وتی: پێشتر لە نێوان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و محەممەد سادق موعتەمەدیان پارێزگاری پێشووی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و پارێزگاری ئێستای تاران پەیوەندییەکی نزیک هەبووە و بەدواداچوونی پێویست کرا کە بەدەر لە پێشانگای نێودەوڵەتی، پارێزگاری تاران میوانداری لە پارێزگاری هەولێر بکات. هۆکاری سەرەکی ئەم سەردانە، پێویستیی هەناردە و هاوردە و کاروباری پەیوەندیداری ئابوری و بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە بە پارێزگاری هەولێر بە تایبەت لە بواری سنورەکان.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر وتی: لە سەردانەکەی پارێزگاری هەولێر بۆ تاران، پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا، یادداشتی لێکتێگەیشتنی زۆر باشیش واژۆ کرا، سەردانی چەندین پارێزگای دیکەش وەک قەزوێن، زەنجان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کرا و ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا واژۆ کرا.
ناوبراو سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نییە. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەک شەممە لە گەڵ پارێزگاری هەولێر، بانگهێشتنامەی بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگا هاوسنورەکان لە ئێران ڕادەست کرا. دەتوانین بڵێین کە خواست و ئیرادەیەکی دوو لایەنە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بوونی هەیە.
ئەسەدی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی پارێزگارانی هاوسنور لە ئێران (کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا) لە گەڵ پارێزگارانی هەرێمی کوردستان (دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) لە ئێران بەڕێوەدەچێت. پارێزگارەکان لە کۆبوونەوەی گشتی و لە کۆبوونەوەی دووقۆڵی، گرنگترین بابەتەکانی تایبەت بە پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن. هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە هەر دوو لا کەڵک لە هەلومەرجی دراوسێیەتی و سنورە هاوبەشەکان وەربگرن.
وتیشی کە بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە بە ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنورەکان، بازرگانان و ….. بگەین. لە بوارە جیاجیاکاندا کێشە و گرفت هەیە و دەتوانین لە کۆبوونەوەی پارێزگاراندا بڕیاریان لە سەر بدرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بکرێت./.










