بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ قاهیرە بە ئامانجی بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی، لە گەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر کۆبووە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکارییەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ژمارەیەک لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، وتووێژ و بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر هەوڵ و هاوکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ناوچەکە کردەوە و سەبارەت بە فەڵەستین جەختی لە سەر هەڵوێستی هەمیشەیی بەغدا کردەوە و ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا دژایەتی هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە خاکی خۆیان دەکات./.










