بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی شەممە 1 ی شوباتی 2025 فەرمانی سەپاندنی باجی بە سەر کاڵا هاوردەکراوەکان لە کەنەدا، مەکسیک و چین واژۆ کرد و هەڕەشەی ئەوەیکرد کە باج بە سەر کاڵای هاوردەکراو لە یەکێتی ئەورووپاش دەسەپێنێت.
بە وتەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی، ئەمریکا لە سەدا 25 باجی بە سەر تەواوی کاڵا هاوردەکراوەکان لە کەنەداوە سەپاندووە و ئەم باجەشی بۆ کەرتی وزە لە سەدا 10 دیاری کردووە. کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە کەمکردنەوەی ڕێژەی باجی سەر هاوردەی وزەی کەنەدا بە ئامانجی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی تێچووەکانە.
یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترەمپ فەرمانێکی واژۆ کردووە کە باجی لە سەدا 25 ی بە سەر تەواوی کاڵا هاوردەکراوەکان لە مەکسیکەوە سەپاندووە.
ئەم فەرمانەی ترەمپ بۆ کاڵای چینی لە سەدا 10 دیاری کراوە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاتێکدا هێرش دەکاتە سەر سێ هاوبەشی بازرگانی خۆی کە بە گشتی زیاتر لە سەدا 40 ی هاوردەی ئەو وڵاتە پێک دێنن.
کلۆدیا شینبام سەرۆک کۆماری مەکسیک ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە فەرمانی بە وەزیری ئابوری وڵاتەکەی کردووە تا هەنگاوی بەرامبەر بە ئەمریکا هەڵبگرێت و ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مەکسیک جێبەجێی بکات.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە ” ئێمە بە هەموو هێزێکەوە لە بەرامبەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەوەستین و هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی خۆمان بە توندی ڕەتدەکەینەوە “.
شینبام ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا پێویستە لە شارە گەورەکانی خۆیدا ڕوبەڕوی مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە، هەروەها دەبێت ڕوبەڕوی سپیکردنەوەی پارە ببێتەوە کە زیانی زۆری بە خەڵکی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
جەستین ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیارەکەی دوناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی باجی بە سەر کاڵای هاوردەکراو لە ئەمریکاوە بە بەهای 155 ملیار دۆلاری کەنەدا (102 ملیار یۆرۆ) سەپاندووە.
بەیاننامەکەی ترۆدۆ ڕۆژی شەممە تەنیا چەند کاتژمێرێک لە پاش واژۆکردنی فەرمانەکەی ترەمپ بڵاوکرایەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە کەنەدا باجێکی زۆر بە سەر کاڵای هاوردەکراو لە ئەمریکاوە دەسەپێنێت و هەنگاوەکەی ترەمپ بێ وەڵام نابێت.
چین ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگای ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە سکاڵا لە سەر باجە گومرکییەکانی ئەمریکا تۆمار دەکات.
وەزارەتی بازرگانی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە سەپاندنی سزا گومرکییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بە پێچەوانەی یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییە.
چین داوای لە ئەمریکا کردووە بۆ زیاترکردنی هاوکارییەکان، بەشداری لە دانوستانێکی ڕاشکاوانەدا بکات.
ڕاشیگەیاندووە کە شەڕە بازرگانییەکان براوەیەکیان نابێت و هەنگاوەکانی ئەمریکا وەڵام دەدرێنەوە.
بە وتەی ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران و شرۆڤەکاران، بڕیارەکانی ترەمپ ئاڵۆزییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە زیاتر دەکات و ئەگەری وەڵامدانەوەی جیدی و بەهێزی وڵاتانیش لەئارادایە./.










