بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەرمی دکتۆر حەسان ئیبراهیم کە یەکێک لە زانایانی گرنگی سوریا بووە، لە ناوچەی مەعرەبا لە پارێزگای دیمەشق دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زانایە ڕایگەیاندووە کە ” دکتۆر پەیوەندییەکی لە کەسێکەوە کە بووەتە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە زانستییەکانی دیمەشق، پێگەیشت و پاشان هەفتەی ڕابردوو داوای لێکرا بۆ دەوام بگەڕێتەوە. پاش ئەوەی لە ماڵ چووە دەرەوە و لە تەڕتوسەوە سەردانی دیمەشقی کرد، پەیوەندی لە گەڵیدا پچڕا “.
سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە کە تەرمەکەی ڕۆژی شەممە لە سەر یەکێک لە ڕێگاکانی دیمەشق لە ناوچەی مەعرەبا دۆزرایەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە شوێنی ئەشکەنجەدان بە سەر جەستەی ئەم زانایەوە هەبووە و ئەمەش پیشان دەدات کە پێش کوژرانی ئەشکەنجە دراوە.
لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، تا ئێستا چەندین زانای گرنگی ئەم وڵاتە تیرۆر کراون./.










