بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو ڕێوڕەسمەدا وتیان: مەزاری شەهید سولەیمانی لە لایەن هەزاران کەسەوە لە شوێنە دوور و نزیکەکانەوە زیارەت دەکرێت و ئەم سەربەرزییەش، پاداشتی دونیایی خودای گەورەیە بۆ دڵسۆزی و خەمخۆری ئەو شەهیدەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید سولەیمانی لە پووچەڵکردنەوەی پیلانی داعش لە عێراق، وتیان: لە سەرەتاوە کە جموجوڵەکانی داعش دەستیپێکرد، شەهید سولەیمانی هەستی بە بەرپرسیارێتی کرد و بووە یارمەتیدەری عێراقییەکان و ئەوانی ڕزگار کرد، ئەڵبەت هەنگاوێکی گەورە و کاریگەر لە لایەن مەرجەعی باڵاوە لەو کاتەدا هەڵگیرا کە زۆر گرنگ و کاریگەر بوو، بەڵام شەهید سولەیمانی سەرەتا چووە گۆڕەپانەکەوە.
بەڕێزیان وتیان: بۆ شەهید سولەیمانی بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکان بنەمایەکی گەورە بوو، ئەو ئێرانیشی بە شوێنێکی پیرۆز دادەنا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە وتیان: هەندێک لە ڕووی شرۆڤەی نادرووست و تێنەگەیشتن لە ڕووداوەکان وا دەزانن کە ئەو خوێنانەی بۆ بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکان ڕژاوە، بە فیڕۆ چووە، هەڵەی گەورە لە لایەن ئەمانەوە دەکرێت، ئەگەر حاجی قاسم ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی نەدەکرد، ئەمڕۆ لە شوێنە پیرۆزەکان شتێک نەدەما.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەگەر هەندێک وڵات تووشی هەڵەی گەورە بن و هۆکاری سەقامگیری و هێزی خۆیان کە هەمان گەنجانی ئیماندارن، لە گۆڕەپانەکە بکەنە دەرەوە، تووشی چارەنووسی سوریا دەبن.
بەڕێزیان وتیان: سوریا مافی خەڵکی سوریایە و ئەوانەی دەسدرێژییان کردووە رۆژێک لە بەرامبەر گەنجانی ئەم وڵاتە پاشەکشە دەکەن./.









