بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕووداوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەم دواییەی سوریا کە بووە هۆی کەوتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، وتی: سوریا لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا درەوشاوەترین و باشترین پێشینەی هەبووە و تەنیا وڵاتێک بوو کە هیچ پلانێکی سازشتی لە گەڵ زایۆنیستەکان قبووڵ نەکرد و بەردەوام لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیدا لە ڕوبەڕوبونەوە، هێرش، بەرگری و خۆڕاگریدا بوو.
ناوبراو وتی: تەنیا سەرکەوتنی وڵاتانی عەرەبی لە شەڕەکانی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی (1948، 1956، 1967 و 1973) واتە شەڕی ئازادکردنی پارێزگای قونەیتەرە لە داگیرکاری زایۆنیستەکان، پەیوەندی بە سوریاوە هەبوو.
سەلامی وتی: وڵاتی سوریا لەم ساڵانەدا بەردەوام پەناگەی لایەنەکانی خۆڕاگری ئیسلامی بووە و حافز ئەسەدیش تەنیا سەرۆک کۆمارێکی عەرەب بوو کە لە هەشت ساڵ شەڕی سەدام دژ بە ئێران، لە گەڵ ئێمەدا بوو و ئەمەش کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی ئێمە بۆ سوریا هەبووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سزادانی حکومەتی سوریا نزیکەی 300 هەزار کەسی توندڕەویان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە هێنایە ئەم وڵاتە و عێراق.
ناوبراو وتی: بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان خزمەتێکی گەورە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مرۆڤایەتی کرد و ئەگەر ئەو ڕوبەڕوبونەوە کاریگەرە نەدەبوو، تیرۆریستان کێشەیان بۆ زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دەخوڵقاند.
سەلامی وتی: لە پاش سەرکەوتنەکانی سوپای پاسداران بە تایبەت هێزی قودس بە فەرماندەیی شەهید قاسم سولەیمانی لە سوریا، بەشێک لەو هێزانەی پێویست بە مانەوەیان نەبوو، کشانەوە، واتە ئێمە نەمادەتوانی ئەو هێزانە لە سوریا بهێڵینەوە لە کاتێکدا سوپای ئەم وڵاتە توانای بەرگریی هەبوو، لە لایەکی دیکەوە نەدەبوو مانەوەی هێزەکانمان ببێتە ئامرازێکی بانگەشە و پڕوپاگەندەی نەیاران لە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: پاش ئەم قۆناغەش چووینە ڕەوتی ئاستانە کە لە سەر بنەمای کۆنتڕۆڵکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەردەوامی ئاگربەست و جێگیربوونی ئاسایشی سوریا بوو.
سەلامی وتی: هەندێک چاوەڕوانی ئەوە بوون کە تەواوی هێزەکانی سوپای پاسدارانمان دەبردە سوریا و شەڕمان دەکرد، نەدەبوو ئێمە کاری وەها بکەین و سوپای سوریا تەنیا بینەری ڕووداوەکان بێت./.









