بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئاقا قەوام نوێنەری پێشووتری ئێران لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو بە ئاماژە بە مێژووی پێکهێنانی گرووپی برێکس، وتی: لە ساڵی 2009 ئەم گرووپە بە چوار وڵاتی برازیل، هیندستان، ڕووسیا و چین پێکهێنرا و قۆناغ بە قۆناغ ئەندامەکانی زیادیکرد و هۆکاری ئەمەش بۆ سوودە ئابورییەکانی دەگەڕێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەرەسەندنی برێکس و ئەندامبوونی 10 وڵات لەم گرووپەدا وتی: برێکس لە ڕاستیدا ڕێکخراوێکی هاوکاری نێودەوڵەتییە کە هەم لە بواری ئابوری و هەم لە بواری سیاسیدا چالاکە و دەتوانێت دەفرایەتییەکی زۆر گەورە دابین بکات.
نوێنەری پێشووتری ئێران لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو سەبارەت بە تواناکانی برێکس بۆ کۆتایی هێنان بە هەژموونی دۆلار، وتی: بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت سەیری توانا و دەفرایەتییەکانی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس بکەین. لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە وڵاتانی ئەندام لە برێکس لە سەدا 45.3 ی دانیشتووانی جیهان پێکدێنن و دەتوانین بڵێین کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان لەم وڵاتانەدان.
محەممەد ئاقا قەوام وتی: قەبارەی ئابوری ئەم وڵاتانە بە پشت بەستن بە کۆی بەرهەمی نیشتمانی، لە قەبارەی ئابوری 7 وڵاتی خاوەن پیشەسازی جیهان زیاترە. قەبارەی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی وڵاتانی برێکس نزیکەی لە سەدا 35 ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانە و گەشەی ئابوری ئەم وڵاتانەش لەمساڵ بە لەسەدا 3.5 مەزندە دەکرێت کە لە گەشەی ئابوری جیهان زیاترە.
ناوبراو وتی: کۆی یەدەگی دراوی بیانی وڵاتانی ئەندام لە برێکس زیاتر لە 5 هەزار ملیار دۆلارە و ئەم وڵاتانە نزیلەی لەسەدا 24 ی بازرگانیی جیهان پێکدێنن، هەروەها ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتانی برێکس بە دەرفەتێک لە بەردەم وڵاتانی ئەندام دادەنرێت.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس نزیکەی 615 ملیار دۆلارە و ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕە بە دراوی دیکە بکرێت، بە دراوی باوی برێکس یان تەنانەت دراوی نیشتمانی، لە جێی دۆلار، دەتوانێت هەژموونی دۆلار کەم بکاتەوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا دۆلار هەژموونی نامێنێت./.









