بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە (ئەو بەکتریایانەی بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێڕەوی هەرس دەژین) دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن لە دیاریکردنی شێوازی پێست و تەندروستی و هەڵسوکەوتی پێست. واتا پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش لە نێوان ڕیخۆڵە و پێست هەیە. بۆ نموونە، ئۆمیگا سێ (ترشە چەورییەکان کە لە ڕۆنی ماسی و خواردنە دەریاییەکانی دیکەدا دەدۆزرێنەوە) دەتوانن یارمەتی پاراستنی تەندرووستی ڕیخۆڵە بدەن و هەروەها ڕوخسارێکی ئارام و درەوشاوەیی بە پێست بدەن. ئەگەر بە پێی پێویست ئۆمیگا سێ لە ژەمە خۆراکییەکاندا وەرنەگیرێت، ئەوە گرنگە کە تێبگەیت کە لەوانەیە چی لەدەست بدەیت و چۆن ئەمانە کاردەکەنە سەر تەندرووستی پێستت، بەم هۆیەش هەوڵبدەیت ڕێگری لەوە بکەیت و بڕی پێویستی ئۆمێگا سێ لە ژەمە خۆراکییەکانتدا دابین بکەیت و وەریانبگریت.
پرسیارە گرنگەکان لە سەر ئۆمێگا 3:
ترشی چەوری ئۆمێگا 3 چییە و چی بۆ پێست دەکات؟
ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ ئەو ماددە خۆراکییەن کە لە هەندێک خۆراکدا دەدۆزرێنەوە و دەتوانن سوودێکی گرنگ بە تەواوی جەستە و پێست بگەێنن. ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی ڕۆنی پێست، دابینکردنی شێدارییەکی هاوسەنگی پێست، کەمکردنەوەی برین و تێکشکانی خانەکانی پێست و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون. هەروەها ئۆمیگا سێ دەتوانێت یارمەتی نەرمکردنەوەی پێستی ڕەق و وشک بدات و کاریگەری ئارامکردنەوەی هەبێت لە سەر هەستیاری و هەوکردنی پێست.
هەر ئەوەنەش نا بەڵکوو سوودی زیاتر لە وەرگرتنی ترشە چەوری ئۆمێگا سێ هەیە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بەکارهێنانی ڕۆنی ماسی کە ئۆمێگا سێی تێدایە بە شێوەیەکی بەردەوام وادەکات بەرگری پێست زیاد بکات بەرامبەر تیشکە سەروو وەنەوشەییە زیانبەخشەکان و ڕێگری لە شێرپەنجەی پێست بکات.
ئەو خواردنانە چین کە ئۆمێگا 3 یان تێدایە؟
بەناوبانگترین خۆراک کە پێویستە و ناسراوە بەوەی دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا سێ ڕۆنی ماسییە. هەروەها خۆراکە دەریاییەکان بە گشتی بەوە دادەنرێن کە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا سێ. بێگومان سەرچاوەی ڕووەکیش هەیە کە ئۆمێگا سێی تێدایە لەوانە تۆوی کەتان و پاقلەی سۆیا کە ئەمانەش وەکو سەرچاوەی ڕووەکی بۆ ئۆمێگا سێ ئەژماردەکرێن.
جیاوازی سەرچاوە ڕووەکییەکان بۆ ئۆمێگا سێ بەراورد بە خۆراکە دەریاییەکان ئەوەیە کە دوای خواردنی خواردنە دەریاییەکان ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی ئۆمێگا سێ وەردەگیرێت، بەڵام لە ڕووەکدا ئەمە جیاوازترە و پێویستی بە چەند گۆڕانکارییەک هەیە کە دوای خواردنیان لە جەستەدا ڕووبدات و پاشان ئۆمێگا سێیان لێوە دەستبخرێت.
ئۆمێگا 3 چۆن کارلێک لە گەڵ پێست دەکات؟
بەدەستهێنانی ئۆمیگا سێ لە ڕێگەی تەواوکەری ڕۆنی ماسی یان خۆراکەکانی ترەوە دەتوانێت پێکهاتەی ترشی چەوری پێست باشتر بکات و هاوسەنگی بکات لە وەڵامدانەوەی هەوکردن. بە واتایەکی تر، پێست نەرمتر دەبێت و کەمتر تووشی هەوکردن دەبێت. هەروەها هێشتنەوەی ئاستی ترشی چەوری لە جەستەدا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی کاریگەری تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر و باشترکردنی نارودۆخی ئەو پێستانەی هەستیارییان هەیە.
باشترین سوودەکانی ئۆمێگا 3 بۆ پێست چییە؟
هیچ ڕاسپاردەیەکی دیاریکراو نییە لە سەر ئەوەی ڕۆژانە پێویستە بڕی چەند لە ئۆمیگا سێ وەربگیرێت. بەڵام پسپۆڕانی تەندرووستی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گەورەکان ڕۆژانە ٥٠٠ میلیگرام وەربگرن، یان هاوتای دوو جار خواردنی ماسییە (ماسی تەواو نەک پارچەیەکی بچووکی ماسی) لە هەفتەیەکدا. ئەمە بۆ باشترکردنی تەندرووستی گشتی گرنگە نەک تەنیا بۆ پاراستنی پێست و نەرمکردنی زیاتر و درەوشانەوەی پێست.
ئەو ئەفسانەیە چییە کە لە دەوری ترشی چەوری ئۆمێگا 3 دا هەیە؟
سوودەکانی ئۆمیگا سێ بابەتێکی گرنگن، هەروەها زۆر بابەت هەن دەربارەی ماسییەکان کە چۆن سوودێکی زۆر باشییان هەیە لە دابینکردنی ئۆمێگا سێدا. بەڵام یەکێک لە هەڵە تێگەشتنە باوەکان کە هەیە دەربارەی ئەم بابەتە ئەویش ئەوەیە کە هەر ماسییەک بە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئۆمێگا سێ دانراوە. کە لە ڕاستیدا بەم جۆرە نییە، بەڵکوو ماسییەکان جیاوازن و ئەمەش وایکردووە بڕی جیاوازی ئۆمێگا سێ ببەخشن، هەروەها هەنێک ماسی ڕێژەیەکی زۆر جیوەیان تێدایە کە دەکرێت خواردنی ئەم جۆرە ماسییانە ئەسڵەن زیانبەخشبێت. ماسییە جیاوازەکان بەهۆی جیاوازی بایەلۆجی و جیاوازی ئەو ژینگە و بارودۆخەی تێیدا گەورەبوون پێکهاتەی خۆراکی جیاواز دەبەخشن.
سەلامەتی ماسییەکان هۆکارێکی گرنگە لە دیاریکردنی ئەوەی ماسییەکان بتوانن ماددەی خۆراکی گرنگ ببەخشن و زیانیشیان نەبێت. زۆرجار خواردنی ماسییە بچووکەکان باشترە چونکە ماسییە بچووکەکان بە گشتی بڕێکی کەمتر لە جیوەیان تێدایە و بەمەش سوودیان زیاتر دەبێت.
کاتێک باشترین ڕێگات هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی ئۆمیگا سێ، لەبیرت بێت کە ڕۆژانە تەنها پێویستت بە ٥٠٠ میلیگرامە. پێویست ناکات پارە بەفیڕۆ بدەیت لە سەر کەپسولی چڕکراوەی زۆر کە دەتوانێت زەرەری ماددیت لێ بدات.
هەروەها پێویستە ئەوە بزانیت سەرچاوە ڕووەکییەکانی ئۆمێگا سێ هەمان خزمەتی زەیتی ماسی ناکەن بۆ ئۆمێگا سێ. گرنگە ئەوە زانراوبێت کە ئۆمێگا سێ پێویستی بە چەند پێکهاتەیەک هەیە تا چالاک بێت. لە گەڵ ئەوەی ئۆمێگا سێی ڕووەکی ترشێکی تێدایە کە یارمەتی گەنجبوونەوەی پێست دەدات بەڵام پێکهاتەکانی تری کەمە بۆ سوود وەرگرتنی تەواو لە ماددە خۆراکییە گرنگەکەی ئۆمێگا سێ. بەڵام ڕۆنی ماسی هەردوو ترش و پێکهاتە چالاکەکانی تێدایە.
پێویستە چیت لەبیربێت کاتێک ئۆمێگا 3 وەردەگریت؟
هەموو ئۆمێگایەک هەمان سوودی نییە. بۆ نموونە، ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا شەش کە لەوانەیە بە خوشک و برا بەهێزترەکانی ئۆمیگا سێ دابنرێن، بەڵام لە کرداردا ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا شەش لە گەڵ ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ بەیەکەوە پێشبڕکێ دەکەن بۆ هەمان ئەنزیم کە ترشە چەورییەکان لە لەشدا چالاک دەکەن. کاتێک ئاستی ئۆمیگا شەش بەرزە، لە ڕاستیدا دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن و کەمکردنەوەی کاریگەری ئۆمیگا سێ. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ڕێی خۆراکەوە بڕێکی زۆر ئۆمیگا شەش لە پاڵ ئۆمێگا سێدا وەربگیرێت./.









