بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی جزیرە، وتی: ئێمە بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەین بەڵام خوازیاری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان یان شەڕ لە ناوچەکەدا نین.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان دەتوانن ئیرادەی ئێمە تاقیبکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان، هێرشەکە بە وردی تاوتوێ دەکەین و وەڵامێکی گونجاوی دەدەینەوە، ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەرەسەندنی شەڕی ناوچەکە دەدات و دەیەوێت وڵاتانی زیاتر پەلکێشی ئەم شەڕە بکات.
عێراقچی وتی: ئێران تەنیا وڵاتێک نییە کە شەڕێکی بەربڵاوی نابێت، بەڵکوو هەمووان لە ئاکام و کارەساتی وەها شەڕێک ئاگادارن.
ناوبراو وتی: لایەنەکانی خۆڕاگری دەتوانن وەڵامی ڕژێمی زایۆنیستی بدەنەوە، بنیامین نتانیاهۆ لە شەڕی غەززەدا بە ئامانجەکەی کە لەناوبردنی حەماس بوو نەگەیشت، لە لوبنانیش وەها دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە هیچ کات واز لە پاڵپشتیکردنی خۆڕاگری ناهێنین و من لە سەردانەکەمدا بۆ لوبنان ئەمەم دووپات کردەوە./.










