بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ڕووسیا الیوم وتی: ئێران دراوسێیەکی گرنگە بۆ عێراق و پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ ئەم وڵاتە، باش و بەهێزە و لە زۆر بوارێکدا بەرەو گەشەسەندنی زیاتر دەڕوات.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین وتی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت گوشارەکانی بە ئامانجی دانپێدادانی مافی ڕەوا و چارەی خۆنووسینی فەڵەستینییەکان زیاتر بکات.
لەتیف ڕەشید وتی: دەبێت ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین دەکرێت، ڕابگیرێت، ئەم کوشتارەی زایۆنیستەکان لە غەززە هیچ پاساوێکی نییە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: بەغدا پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات و بە بێ ئەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هیچ کات ئاسایش و سەقامگیریی نابێت و گەشەسەندن بۆ ماوەیەکی زۆر دوا دەکەوێت.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکاش وتی: پەیوەندییەکانمان باشە و ڕێزی لێدەگرین، ئامادەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پێی ڕێکەوتنی هاوبەش بووە و بە پێی هەلومەرجی ئێستا پێداچوونەوەی بە سەردا دەکرێت و عێراق دەتوانێت بەرپرسیارێتی ئەمنی خۆی لە ئەستۆ بگرێت./.









