بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو شاندە لە پارێزگارانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان پێکهاتبوون و لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە.
هەروەها ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئەو سێ پارێزگایەش لە پەرلەمانی ئێران لە گەڵ شاندەکە بوون.
پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان، هاتووچۆی گەشتیاری و پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لەو بابەتانە بوون کە لەو کۆبوونەوانەدا باسیان لە سەر کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها چەندین پێشنیاری وەک زیادکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانکردنی زیاتری هاریکاری لە بواری پزیشکی و گەشتیاری لە گەڵ کردنەوەی ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی گەڵاڵە کرا و هەر دوو لا هاوڕابوون کە هاوبەشییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان پێویستە ببێتە هاندەری بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکان./.









