بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی ڕەمەزانیی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران (چوارشەممە 3 ی نیسان ی 2024) بە ئاماژە بە دوو شکستی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و ئامانجەکانی هێرشی سەر غەززە، جەختیانکردەوە: ڕۆژی قودسی ئەمساڵ بە یارمەتی خودای گەورە بە درەوشانەوەی گەلی ئێران و ئامادەبوونی گەلانی موسڵمان و ئازادیخواز، دەبێتە هاوارێکی نێودەوڵەتی لە دژی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایانگەیاند کە نابێت موڵەتی ئەوە بدرێت پرسی گرنگی غەززە لە یەکەمایەتی ڕای گشتی جیهانی بێتە دەرەوە، تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی وەک کۆمەڵکوژی، پاکتاوی نەتەوەیی و هێرشی سەر ژنان، منداڵان، نەخۆشەکان و نەخۆشخانەکانی لە مێژووی قۆناغەکانی ڕابردوو کەم وێنە ناو برد و وتیان: تاوانەکان لە ئاستێکدایە کە تەنانەت کەسانی پەروەردەکراوی کەلتوری رۆژئاوا لە ئەمریکا و ئەورووپاش دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە.
بەڕێزیان ڕایانگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی تووشی دوو شکستی گەورە بووە، شکستی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا کە هیچ کات بۆ زایۆنیستەکان قەرەبوو ناکرێتەوە. شکستی دووەم لە مسۆگەرنەبوونی ئامانجەکانی تەل ئەبیب لە شەڕی دژ بە غەززە بووە کە هیچ یەک لەوانەی وەک ئامانجی شەڕی غەززە دیاریکرابوو، مسۆگەر نەبووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕایانگەیاند کە زایۆنیستەکان لەو داوەی بە دەستی خۆیان درووستکراوە، ڕزگاربوونیان نییە و وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر و بەرەو لەناوچوونی کۆتایی دەڕوات و هیوادارین گەنجانی ئێمە ڕۆژێک ببینن کە قودسی پیرۆز لای موسڵمانانە و تێیدا نوێژ دەخوێنن و جیهانی ئیسلام بە بۆنەی لەناوچووی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستییەوە ئاهەنگ دەگێڕێت./.









