بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری ڕۆژنامەی رای الیوم سەبارەت بە یەحیا سنوار سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە، ڕایگەیاند: ڕۆژێک نییە کە لێدوان یان هەواڵ و ڕاپۆرتێک لە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا سەبارەت بە سنوار بڵاو نەبێتەوە کە بەردەوام باس لە بوونی زانیاری لە سەر شوێنی مانەوە یان نزیکبوونەوە لە گرتن و تیرۆرکردنی دەکەن. جارێک دەڵێن یەحیا سنوار لە تونێلێکدایە لە خان یونس خۆیی حەشار داوە و جارێکی دیکە دەڵێن کە دستیان بە چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە سەر ناوبراو و ئەندامانی خێزانەکەی لە یەکێک لە تونێلەکاندا گەیشتووە و لە ڕێگای مۆبایلەکانیەوە ناوبراویان ناسیوەتەوە لە بەر ئەوەی کە وێنەکەی لە پشتەوە بووە. ئاشکرا بووە کە ئەمانە هەمووی چیرۆکی درۆیە و بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئابڕوی لەدەستچووی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە کە لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسادا لە 7 ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو لاوازبوون و شکستە گەورەکەیان بۆ هەمووان ئاشکرا بووە.
ناوبراو وتی: گرنگترینی ئەو چیرۆکانەی کە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە سەر زاری بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە بڵاویکردووەتەوە، پیشان دەدات کە یەحیا سنوار بەردەوام لە تونێلێک لە ناوچەی خان یونس وەک شوێنی لەدایکبوونی حەشار دراوە و گرووپێک لە بارمتە زایۆنیستەکانیش لای ئەون کە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دێنێت و نیگەرانیی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە تیرۆرکردنی سنوار بە هۆی ئەوەیە کە گیانی ئەو بارمتانە ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە چەندین خاڵی گرنگ لە سەر ئەم ڕاپۆرتە هەواڵگرییە بوونی هەیە کە دەبێت ئاماژەیان پێبدرێت:
یەکەم: بەشداری گرووپێک لە شارەزایان و ئەفسەرانی باڵای دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە دوای یەحیا سنوار لە گەڵ هاوتایانی خۆیان لە ڕژێمی زایۆنیستی.
دووەم: بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی چاودێری و گوێگرتن لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە لە ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوەی شوێنی مانەوەی یەحیا سنوار و ئەمەش پیشان دەدات کە پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان بۆ ڕەتکردنەوەی بەشداری سەربازی و هەواڵگرییان لە شەڕی غەززە درۆیەکی تەواوە.
سێهەم: باڵادەستیی دەزگا هەواڵگرییەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری بە تایبەت بزوتنەوەی حەماس، لە ڕێگای هێشتنەوەی بارمتە یان دیلە زایۆنیستەکان لە شوێنێکی پارێزراو و چەواشەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرەڕای هاوکاری ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی هەواڵگرییەوە و بوونی ئەو هەموو ئامێرە پێشکەوتووە نەگەیشتووەتە دۆزینەوەی بارمتە و دیلەکان و حەماس دەستی باڵای لەم بوارەدا هەبووە.
چوارەم: ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە بەکارهێنانی بارمتەکان وەک قەڵغانی مرۆیی لە لایەن یەحیا سنوار لە میدیا ئەمریکی و زایۆنیستییەکاندا بڵاو دەبێتەوە، هەوڵێکی درۆیە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو هەموو شکستەیان لە بەرامبەر حەماس و خۆڕاگریی فەڵەستین و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی کە بە هۆی لاوازبوونی حکومەت و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە هێنانەوە و ئازاکردنی بارمتەکانەوە ڕوبەڕوی گەورەترین ڕەخنە و ناڕەزایەتی بوونەتەوە.
شڵەژاویی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گرتن یان کوشتنی یەحیا سنوار بۆ توانا سەربازی، سیاسی، خۆڕاگری و بەردەوامبوونی دەگەڕێتەوە. حکومەت و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری ئەمریکا و ئەو هەموو ئامێرە پێشکەوتووە تا ئێستا ئەوەیان نەبینیوە کە سەرکردەیەکی عەرەب خاوەنی ئەم هەموو توانایە بێت. ئەوان وا دەزانن کە تیرۆرکردنی سنوار دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی حەماس و گرووپەکانی دیکەی خۆڕاگری، بەڵام ئەمە بیرۆکەیەکی تەواو هەڵەیە.
ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕاهاتوون کە لە گەڵ سەرکردە لاواز و ملکەچەکانی عەرەب پەیوەندییان هەبێت، ئەوانەی کە بە هۆی ترس و نیگەرانی لە کاردانەوەی واشنتن و تەل ئەبیب و ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەیان بوونەتە گوێڕایەڵ و هیچ گرنگییەک بە بەرژەوەندی عەرەبی و ئیسلامی نادەن.
سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی و هەواڵگریی ڕژێمی زایۆنیستی هیچ گرنگییەک بە گیانی دیلەکانی خۆیان نادەن و هەر جۆرە چەکێکی بەهێز و کۆمەڵکوژ بۆ لەناوبردنی یەحیا سنوار و ژنڕاڵەکانی دیکەی هاوڕێی بەکار دێنن. دەیان کەس لە بارمتە و دیلەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شەڕ و بۆردومانی ئەو ڕژێمەوە کوژراون نەک چەکی گرووپە فەڵەستینییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆڕاگریی فەڵەستین هەڵسووکەوتێکی شیاوی لە گەڵ ئەواندا هەبووە و سنوار لە نزیکەوە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کردوون و لە سەر پاراستنی گیانیان دڵنیایی بەوان داوە و بە هۆی موسڵمانبوونەوە ڕێزی لەوان گرتووە و خۆراک و دەرمانی پێویستی بۆ ئەو بارمتانە دابین کردووە. دووبارەکردنەوەی ئەو چیرۆکەش کە دەڵێت سنوار لە یەکێک لە تونێلەکانی غەززە، خان یونس یا ڕەفەحدایە، هۆکارەکەی بۆ شکستی ئەوان لە دۆزینەوەی ئەک کەسایەتییە گەورەیە دەگەڕێتەوە. سنوار لە کوێیە؟ ئایا لە کۆشکێکدایە یان لە بینایەکی پێشکەوتوودایە و چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەوان بێن تیرۆری بکەین یان دەستبەسەر بکرێت؟
عەتوان لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئێمە لە گەڵ ئەو تیۆرییەدا نین کە دەڵێت دەستگیرکردن یان تیرۆرکردنی یەحیا سنوار هیچ کاریگەرییەکی نییە و بزوتنەوەی حەماس لەم ئەنجامە کاریگەری وەرناگرێت. بە دوو هۆکار،
یەکەم: سەرکردەکانی حەماس زۆر بەئەزموون و لێهاتوو و خاوەن پلان و ستراتیژین و نەبوونیان کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی دەبێت و بە ئاسانی دووبارە نابنەوە.
دووەم: سەرکردەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کە لە ئێستادا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، زۆر لەوانەی پێشوو خەراپترن، ئێمە لێرەدا باسی سەرکردە مێژووییەکانی وەک جەمال عەبدولناسر ناکەین، بەڵکوو باس لەو سەرکردە نامێژووییانە دەکەین کە دەسەڵات وەک میراتێک بەوان گەیشتووە. بەداخەوە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە دەبێت بەزەییمان بەواندا بێتەوە. سەرۆک و شازادە و پاشاکانمان بە لاوازی و بێ کاریگەری تۆمەتبار کردووە، دەبێت بزانین کە ئەوانەی دواتر لە پاش ئەوان بە دەسەڵات گەیشتوون چۆن لە بەرامبەر ئەمریکییەکان سەریان نەوی کردووە و وازیان لە کەرامەت و سەربەرزی و خاک و ئابڕوی خۆیان هێناوە و هەنگاویان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ناوە.
عەتوان لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە سنوار هێشتا کابوسێکە و وەک دڕکێکی خوێناوی لە قوڕگیاندا چەسپاوە تا شەهید دەبێت، چوونکە لە شەڕدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا، ڕژێمی داگیرکاری هەژاند و دەسەڵات، ئاسایش، سەقامگیری و باڵادەستی سەربازی و هەواڵگرییەکەیی لە ناو برد و زاڵبوونی خۆیی بە پلان و جێبەجێکردن سەلماند، بە هیچ شێوازێک پێشبینی وەها ڕۆژێکیان نەدەکرد کە چۆن سەرکردەیەکی فەڵەستینی چۆک بەوان دابدات، لە بەر ئەوەی کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە عەرەبەکان لاوازن و بە دوای سەروەت و سامان و موڵک و چێژدا دەگەڕێن و تەنیا لە هەوڵی ڕازیکردنی ئەمریکادان./.









