کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە بایدن جارێکی دیکەی ئەوەی بە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی وتووە کە نابێت بە بێ هیچ نەخشە و پلانێکی باش بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل، هەنگاو بەرەو هەر چەشنە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ڕەفەح بنێت.
ژمارەیەک لە میدیا ئەمریکییەکان لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆیان بە ” پەیامێک بۆ ئەمریکا ” ناو بردووە. پاش ئەوەی کە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پێنج شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە حکومەتی واشنتن لە گەڵ پێنج وڵاتی عەرەبی سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان تەل ئەبیب و فەڵەستینییەکان لە سەر بنەمای ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین و ئەم پرۆژەش بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەش هەفتەیی لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەست پێدەکات.
خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە لە پاش دەستپێکردنی هێرش و بۆردومانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی غەززە، ڕۆژێک نییە کە هەواڵی تایبەت بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و حکومەتەکەی نتانیاهۆ یان ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەندامانی کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە بڵاو نەبێتەوە کە ڕەنگە بگاتە هەڵوەشانەوەی کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج مانگ پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ڕژێمە لە سەرجەم بوارەکاندا بەردەوامە و کەم نەبووەتەوە.
هەروەها ئەوەمان نەبینیوە کە هیچ ئەندامێکی کابینەکەی ڕژێمی زایۆنیستی دەست لە کار بکێشێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان وەک تیمێک لە پێناو لەناوبردنی خۆڕاگری و چۆڵکردنی کەرتی غەززە هەوڵ دەدەن.
هیچ مرۆڤێک بڕوای بەوە نییە کە لە نێوان بایدن و نتانیاهۆ سەبارەت بە کۆمەڵکوژی لە غەززە ناکۆکییەک هەبێت، ئەگەر ناکۆکییەکیش هەبێت لە ئاستێکدا نییە کە دۆستایەتی ئەوان لە ناو ببات، لە بەر ئەوەی کە بایدن هەوڵی ئازادکردنی دیلە زایۆنیستەکان و پاشان بەردەوامیدان بە کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان دەدات، لە کاتێکدا کە نتانیاهۆ بوونی دیلەکان بە بەربەستێک بۆ بەردەوامی کۆمەڵکوژییەکە نازانێت. سەبارەت بە ناکۆکی نێوان ئەندامانی کابینەی ڕژێمی زایۆنیستیش، بابەتەکە چۆنیەتی ڕاکێشانی پشتیوانی ژمارەیەکی زیاتر لە زایۆنیستەکان و کەڵک وەرگرتن لەم کۆمەڵکوژییە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.
ناکۆکییە شانۆگەرییەکەی نێوان بایدن و نتانیاهۆ لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جیهان. لە کاتێکدا کە ڕۆژنامەی ئەمریکی پۆلیتیکۆ لە سەر زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەنگە ناکۆکییەکانی نێوان سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی پێداگریی نتانیاهۆ لە سەر هێرشی وشکانی بۆ سەر ڕەفەح بگاتە لوتکە و تیمەکەی بایدن لەو بڕوایەدان کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شارۆچکە ڕەفەح کارەساتێکە کە دەبێت ڕێگریی لێبکرێت. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە حکومەتەکەی بایدن بۆ ناردنی بۆمب و چەک و کەرەستەی زیاتر بە ئامانجی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی تەل ئەبیب ئامادە دەبێت.
لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی بایدن باس لە ئاگربەستی کاتی لە کەرتی غەززە دەکات، دەبینین کە میدیا ئەمریکییەکان باس لە پلانی نوێی ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانیکردنی زیاتری ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی سەربازییەوە دەکەن. چەکە نوێیەکانی ئەمریکاش وەک بۆمبی MK-82 و هەروەها تەقەمەنییەکانی هێرشی ڕاستەوخۆی هاوبەشە بە ناوی KMU-572 و چەندین پێداویستی بۆمبەکانی دیکە.
هەر بۆیە ئاشکرابووە کە نەک تەنیا بایدن و نتانیاهۆ ناکۆکییەکیان نییە بەڵکوو حکومەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات نتانیاهۆ وەک ” سەرکردەیەکی ئیسرائیلیی سەرکێش و بەهێز ” لە بەرامبەر واشنتن بناسێنێت کە کۆشکی سپی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات یان ئیرادەی خۆیی بە سەردا بسەپێنێت.
ئەمەش شانۆگەری و گاڵتەجاڕییەکە و هیچ گومان لەوەدا نییە کە نتانیاهۆ شتێک نییە بەدەر لە ئامرازی دەستی ئەمریکا و جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵکوژییەکانی ئێستا لە کەرتی غەززە بە تەواوی پرۆژەیەکی ئەمریکییە بەڵام وەک پرۆژە و پلانی ڕژێمی زایۆنیستی دەناسێندرێت./.









