بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، هاتووە کە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی و دژە سیخوڕی لە دژی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، کۆمەڵەیەکی کەم وێنە لە زانیارییەکانی ئەو دەزگایانە دەست کەوتووە و دەستبەجێ تاوتوێکردن و کەڵک وەرگرتن لەوانیش دەستیپێکردووە.
لە درێژەی ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە کە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، پەیوەستە بە ڕێسای جۆربەجۆری پاراستن و ئەمنییەوە، بە تایبەت سەبارەت بە فاکتەرە مرۆییەکانی بەشدار لەم پرۆژەیەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، جگە لەوەش بڕێکی بەرچاو لە زانیارییە دەسکەوتووەکان ئەگەری کەڵک وەرگرتنیان لە ڕووی زانیاری و ئۆپەراسیۆنییەوە هەیە و ئەمەش لە بڕیارەکاندا یەکلاکەرەوە دەبێت.
وەزارەتی هەواڵگری ئێران ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە سیخوڕەکان لە تاران و چەندین پارێزگای دیکەی ئێران ناسێندراون و ڕوبەڕوی یاسا کراونەتەوە یان لە ژێر چاودێری ئەمنیدان. هەروەها چەندین سیخوڕی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتیشدا ناسێندراون کە سەبارەت بەوان بە پێی پەیوەندییەکانی ئەم وەزارەتە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتانە بڕیار دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ژمارەیەک لە سیخوڕەکانی دەرەوە بە شێوازی خۆبەخشانە هاوکاری دەزگای هەواڵگری مۆساد و خیانەتیان بە وڵات کردووە./.









