بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وتی: ڕیشەی قەیرانی فەڵەستین بۆ ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ناگەڕێتەوە، بەڵکوو سەرهەڵداوی 75 ساڵ داگیرکاری و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستینە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە و ڕۆڵی بەریتانیاش لەم کێشەیەدا ڕوون و ئاشکرایە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕەخنەی لە بێدەنگی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی بێ تاوانەکانی فەڵەستین بە تایبەت لە غەززە گرت و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران، حەماس بە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز لە بەرامبەر داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی زایۆنیستەکان دەزانێت، وەک چۆن کە ساڵانێک وەها بزوتنەوەیەک لە ئەفریقای باشور خەباتی دەکرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕەخنەی لە سیاسەتی دووفاقی وڵاتانی ئەورووپی لە بەرامبەر شەڕی ئۆکراینا و غەززە گرت و وتی: نابێت موڵەتی ئەو هەموو تاوانە لە دژی ژنان و منداڵانی فەڵەستینی بە ڕژێمی زایۆنیستی بدرێت بەڵام ڕاگرتنی کەشتییەکی زایۆنیستی لە دەریای سوور بە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی دەریایی ناو ببرێت.
ناوبراو سەبارەت بە هەڕەشەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وتی: بە دڵنیاییەوە کە وەڵامی هەر دەسدرێژی و هەڵەیەک، بەهێز و پەشیمانکەرەوە دەبێت./.









