بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاکان فیدان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا شەوی دووشەممە 11 ی کانوونی یەکەمی 2023 لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بە تایبەت بەردەوامی تاوانی زایۆنیستەکان لە دژی فەڵەستینییەکانی کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو وتووێژەدا جەختی لە سەر گرنگی پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە و هەروەها گرنگی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکای لە ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆکاری بەردەوامیی تاوانی زایۆنیستەکان لە فەڵەستین بە تایبەت لە کەرتی غەززە ناو برد و جەختی لە سەر زیاترکردنی هەوڵەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی تاوان و کۆمەڵکوژییەکەی غەززە کردەوە.
ناوبراو هەروەها جەختیکردەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا هاوکاری مرۆیی پێویست بە فەڵەستینییەکان بە تایبەت لە کەرتی غەززە بگات.
لە درێژەی ئەو وتووێژەدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەنکەرە و تاران لە داهاتوویەکی نزیکدا، فەڵەستینی بە گرنگترین پرسی ئێستای جیهانی ئیسلام ناو برد و ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێرانی کرد لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست./.









