بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە توندی ڕەخنەی لە ڕژێمی زایۆنیستی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت گەلی فەڵەستین مەترسی لەناوچوونی لە سەرە و سیاسەتی دووفاقیی قبووڵنەکراو لە هێرشی سەر غەززەدا دەبینرێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات بە پێچەوانەی سەرجەم یاسا و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانە.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی غەززەیان بە هۆی هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە وەک کۆتایی جیهان ناو بردووە و ڕایانگەیاندووە لە لانیکەم نیوەی دانیشتووانی غەززە بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن و نرخی هەر فەردە ئارد بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەم شەڕەوە بۆ 95 دۆلار بەرز بووەتەوە./.









