بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی سەردانی سعوودیەی کردووە، لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی بێ تاوانی فەڵەستین بەڕێوە دەبات، جەختی لە سەر ڕاگەیاندنی بەپەلەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کردەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە هەمان ڕۆژی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە ڕووی هەواڵگری و سەربازییەوە تێکشکا بەڵام ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن ڕێگری لەمە بکەن و ڕژێمی داگیرکار بە زیندوویی بهێڵنەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی توانای ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی خۆڕاگریی فەڵەستینی نییە و تەنیا ڕووی هێناوەتە کوشتن و بریندارکردنی ژنان و منداڵان و خەڵکی بێ تاوانی غەززە بە گشتی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە بێدەنگی وڵاتانی بانگەشەکاری بەرگری لە مافی مرۆڤ و بێ هەڵوێستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە تایبەت کومەڵکوژی زیاتر لە 5 هەزار منداڵی غەززە، وتی: تێپەڕبوونی کات نابێتە پاساوێک بۆ داگیرکاری و مافێک بۆ داگیرکار دابین ناکات و هەر چارەسەرێک بۆ پرسی فەڵەستین دەبێت گرنگی بەو خاڵە بدات کە ڕژێمی زایۆنیستی، داگیرکارە و لە سەر خاکی فەڵەستین هیچ مافێکی نییە./.









