بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ڕیاز جەختیان لە سەر کۆتایی هێنان بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و دانیشتووانەکەی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەم ناوچەیە و ڕاگرتنی بەپەلەی کوشتاری فەڵەستینییەکان کردەوە و داوایان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد ناردنی چەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگرن.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕیازدا هاتووە: ناساندنی ئەم شەڕە تۆڵەگرانەیە وەک بەرگری لە خۆ و پاساوهێنانەوە بۆی بە هەر بیانوویەک قبووڵکراو نییە و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ غەززە و کوشتاری دڕندانە و دژە مرۆڤانەی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی داگیرکارەوە بە توندی ئیدانە دەکەین.
سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی داوایان لە سەرجەم وڵاتان کردووە کۆتایی بە هەناردەی چەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بێنن.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها جەخت لە سەر ڕاگرتنی بەپەلەی شەڕ، کۆتایی گەمارۆکانی سەر غەززە و گەیاندنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە کراوەتەوە.
سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ڕیاز هەروەها جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت بەپەلە لێکۆڵینەوە لە تاوانە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە و سەرتاسەری خاکی فەڵەستین بکرێت./.









