عەلی حاجی زەڵمی ئەندامی شورا (ئەنجومەن) ی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە وتوویژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو، وتی: ئەم شەڕە لە قازانجی حەماس و بە شکستی ڕژێمی زایۆنیستی کۆتایی دێت کە ئەوەش لە بەر چەند هۆکارێک دەبێت. یەکەم، ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام بانگەشەی هێزی پێشکەوتووی سەربازی بە تایبەت سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەکرد بەڵام دەرکەوت کە هێرشە مووشەکییەکە بەربڵاوەکەی حەماس شکستی بەو سیستەمە هێنا و لاوازیی ئەو ڕژێمەی ئاشکرا کرد. دووەم، ئەوەی کە لە شەڕەکانی پێشوودا تەنیا ناوچەکانی فەڵەستین و فەڵەستینییەکان دەبوونە قوربانی، بەڵام ئەمجارە زایۆنیستەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، لە کوژراو و بریندار و دیل و زیانە مادییەکانەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم شەڕە هیچ کات بە شەڕەکانی ڕابردووەوە بەراورد ناکرێت. سێهەم، سەرکەوتنی حەماس ئەوە بووە کە ئاڵۆزییەکانی بردووەتە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و لە ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی. دۆخەکە بە شێوەیەکە کە سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی باس لە شکستێکی گەورە دەکەن.
ناوبراو وتی کە ئەم شەڕە کاریگەری تایبەت بە خۆیی دەبێت و پێگەی ڕژێمی زایۆنیستیی زۆر لاواز کردووە و چیدی بانگەشەکانی بۆ بەهێزبوونی لە ڕووی هەواڵگری و سەربازییەوە بایەخێکی بۆ هیچ لایەن و وڵاتێک نابێت.
عەلی حاجی زەڵمی سەبارەت بە ئەرکی موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی لەم قۆناغەدا، وتی: لە ئێستادا پێویستە کە موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەن تا مافە ڕەوا و پێشێلکراوەکانی خۆیان مسۆگەر بکەنەوە./.









