بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی سابرین نیوز لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بەنیازی تیرۆرکردنی چەند سەرکردەیەکی خۆڕاگرییە.
ئلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە چەند لایەنێکی سیاسیی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە واشنتن بەنیازی تیرۆرکردنی سەرکردەی چەند گرووپێکی عێراقییە بە تایبەت ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی نۆجەبا، بە پاساوی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەم هەڕەشەیەش پاش ئەوە بووە کە ئەمینداری نۆجەبا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە موڵەتی ئەوە بە باڵیۆزی ئەمریکا نادات وەک خاوەنی عێراقییەکان هەڵسووکەوت بکات.
هەڕەشەکەی ئەکرەم کەعبی لە پاش ئەوە بووە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی هیچ کات ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە جێ ناهێڵێت و بە دیاریکراوی لە عێراقدا دەمێنێتەوە./.









