بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە لە ڕۆڵی نێوەندگێڕی خۆی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دانوستانەکانی ناوەکی بەردەوام دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە سەردانەکەی ڕۆژانی ڕابردووی محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ تاران، وتی: ڕۆڵی نێوەندگێڕیی دەوحە لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا تا واژۆکردنی ڕێکەوتن بەردەوام دەبێت تا ڕێگری لە هەر ئاڵۆزییەک بکرێت کە زیان بە ناوچەکە بگەێنێت.
ئەنساری وتی: تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و لایەنەکانی ڕۆژئاوا لە سەر دۆسیەی ناوەکی نەکراوە بەڵام نێوەندگێڕیی قەتەر لەم پێناوەدا تا گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە بتوانێت ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەستەبەر بکات، بەردەوام دەبێت./.









